قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبووەوە

کوردستان 03:45 PM - 2026/05/06

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ستافی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت کۆبووەوە و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و چارەسەرکردنی کێشەی گەنمی جوتیارانی هەرێم.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە (6/5/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوو، وەزیری کشتوکاڵ راپۆرتێکی لەبارەی کار و دەستکەوتەکانی وەزارەت لە کابینەی نۆیەمدا پێشکەش کرد کە بەراورد بە کابینەکانی پێشوو زۆر زیاتر خزمەتی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیان کردووە.

جێگری سەرۆکوەزیران دەستخۆشی لە وەزیر و هەموو ستافی وەزارەت کرد بەهۆی خزمەتەکانیان و رایگەیاند بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەوانەوە هەرێمی کوردستان لە هەرێمێکی هاوردەکارەوە بووە بە هەرێمێکی بەرهەمهێنەر و ئێستا بەروبوومە کشتوکاڵییەکان هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت.
 داواشیکرد ئامادەکاری بکەن بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد بۆ زیاتر گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی گەنمی جوتیارانی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، چارەسەرکردنی کردنی کێشەی جوتیاران دەخرێتە ئەولەوییەتی کارەکانیانەوە بۆ ئەوەی مافەکانیان نەفەوتێت و لەکاتی خۆیدا حەقی رەنج و ماندووبوونی خۆیان وەربگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو