قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی کەرکوکی کرد و لەگەڵ محەمەد سەمعان، پارێزگاری نوێی کەرکوک و رێبوار تەها، جێگری پارێزگار کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە(7/5/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پارێزگاری نوێی کەرکوک کرد و ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەربڕی بۆ پشتگیریکردنی ئیدارەی نوێی کەرکوک لە خزمەتکردنی دانیشتووانی شارەکە بەبێ هیچ جیاوازییەک.
لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بەوەدا هەڵبژاردنی یەکەمین پارێزگار لە پێکهاتەی تورکمان لە مێژووی پارێزگاکەدا رووداوێکی مێژوویی گرنگە و گەشبینی خۆی دەربڕی ئەم رووداوە گیانی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا قووڵتر بکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی روونیشیکردەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شانازی بەوەوە دەکات هەر لە سەرەتاوە ئاڵاهەڵگری پێکەوەژیان بووە و دژی هەر جۆرە پەراوێزخستنێکی پێکهاتەکان بووە لە کەرکوک. وتیشی خواستی یەکێتی هەمیشە ئەوەبووە کە دەبێت ئیدارەی کەرکوک بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت. پارێزگار یان هەر بەڕێوەبەرێکی دیکە سەر بە هەر پێکهاتەیەک بێت دەبێت وەک یەک خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکات، چوونکە هەر سیاسەتێکی دیکە جگە لەمە خزمەتی شارەکە و دانیشتووانەکەی ناکات.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد پارێزگار و جێگرەکەی و هەروەها ئەنجومەنی پارێزگا و هەموو دامەزراوەکان لەپێناو خزمەتکردنی کەرکوکدا هەماهەنگییەکی تەواویان پێکەوە هەبێت و ئامادەیی یەکێتیشی دەربڕی لەمڕووەوە هاوکار و پشتیوانیان بێت.