حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق ڕایگەیاند، حكومەت هیچ نیازێكی نییە بۆ چاپكردنی دراو یان بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار ئەم رێوشوێنانە خزمەت بە هاوڵاتیان ناكەن.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەت عیراق، ڕایگەیاند، عەلی زەیدی سەرۆكایەتی لیژنەیەكی تایبەتمەند دەكات كە ئەركی كەمكردنەوەی پشتبەستنی بودجەی وڵاتە بە نەوت لە 90% ەوە بۆ 45% لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا و زیادكردنی داهاتی نانەوتی نەوت لە رێگەی دەروازە سنورییەكان و گومرگ و چالاككردنی رێگاكانی كۆكردنەوەی پارە.
عەبودی لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا وتیشی، زەیدی بەڵێنیداوە مووچە لەحكومەتی عیراق وەرنەگرێت و وتویەتی پێویستم پێی نییە، یەكێكە لەو كەسایەتییە ئابوورییانەی دەسەڵات گەندەڵی ناكات، بە راگەیاندنی ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا خۆی كاندید ناكات و سەرقاڵی پێكهێنان یان بونیاتنانی پارتی سیاسی نابێت، خۆی لە حساباتە پێشوەختەكان رزگار كردووە، لەبری ئەوە بڕیاری داوە گرنگی بە بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەت و چارەسەركردنی پێداویستییەكانی خەڵك و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بدات.
عەبودی روونیشی كردەوە، حكومەتی نوێی عیراق تەمەنی تەنیا مانگێك و نۆ رۆژە، بەڵام بە بوێرانە لە دۆسییەكان نزیك بووەتەوە و دەستیكردووە بە چارەسەركردنی كەموكورتییەكان بەمەبەستی گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و حكومەتدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێوەرەكانی گەندەڵی زاڵ بوو بەسەر ڕای گشتیدا.
وتەبێژی حكومەتی عیراق دەشڵێت، كاتێك پیاوێك كە سیاسەتمەدار نییە لە قۆناغێكی هەستیار و ئاڵۆزدا ئەركێكی نیشتیمانی دەگرێتە ئەستۆ لە دۆخێكدا كە رێڕەوەكانی وزە بۆ ماوەیەكی كاتی تووشی پەككەوتن بوون و كاریگەرییان لەسەر هەناردەكردنی عیراق هەبوو، كە بودجەی فیدراڵی لەسەری وابەستە، حكومەت هیچ بژاردەیەكی نەبوو جگە لە گرتنەبەری ستراتیژییەكی روون بۆ ئاڕاستەكردنی وڵاتەكە بۆ كەناری ئارامی.
سەبارەت بە دۆخی دارایی، وتەبێژی حكومەتی عیراق رەتیكردەوە هیچ نیازی چاپكردنی پارە یان گۆڕینی نرخی دراویان هەبێت و وتی هیچ نیازێك نییە پارە چاپ بكرێت یان نرخی دۆلار بەرزبكرێتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمی نەختینە، ئەم جۆرە رێوشوێنانە خزمەت بە هاووڵاتیان ناكەن و تەنها بارگرانی زیاتر لەسەریان دادەنێت.