قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(23/6/2026) بە ئامادەبوونی ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا. هەردوولا هیوایان خواست لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەرەنجامێکی دڵخوازی بۆ هەردوولا و ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، جەختی کردەوە قۆناغێکی نوێ لە عیراق هاتووەتە ئاراوە و پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لەم قۆناغەدا هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ گەشەپێدانی ئابووری عیراق و باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان.
قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە، لەم قۆناغەدا عیراق هەنگاوی باشی ناوە بەرەو سەربەخۆیی سیاسی و پێویستە هەموو لایەنەکان پشتگیری ئەم حکومەتە نوێیە بکەن بۆ ئەوەی باشتر بتوانێت عیراق لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت.