قوباد تاڵەبانی: حکومەتی هەرێم ئامانجییەتی بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، کەرتی گەشتوگوزار ببێتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات

کوردستان 06:13 PM - 2026/06/23

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ ستافی بەڕێوەبەری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(23/6/2026) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی ئەمەل جەلال، سەرۆکی پێشووی دەستەی گەشتوگوزاری کرد کە خاوەنی دیدگا و رۆئیایەکی روون بووە و لەماوەی ئەرکەکەیدا هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم. پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیشی لە ژوان سابیر، سەرۆکی نوێی دەستەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک دەبڕی بۆ گەشەپێدانی زیاتری کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە هەرێم دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە و رایگەیاند لە چوارچێوەی سیاسەتی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، حکومەتی هەرێم ئامانجییەتی بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، کەرتی گەشتوگوزار ببێتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات. 
جێگری سەرۆکوەزیران داواشیکرد میکانیزمێکی گونجاو دابنرێت بۆ ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و دەستەی گەشوگوزار و کەرتی تایبەت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە و هانی کەرتی تایبەت بدرێت بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی گەشتوگوزاردا و کارئاسانی تەواویان پێشکەش بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو