بانكی ناوەندی عیراق لەبارەی سەقامگیری بەهای دینارەوەدڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان

عیراق 10:25 AM - 2026/06/23

بانكی ناوەندی عیراق سەبارەت بە ناسەقامگیری بەهای دینار و دەستكاریكردنی  نرخی رەسمی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕدا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و ڕایگەیاند،بە لەبەرچاوگرتنی سەقامگیریی پێوەرە دارایی و ئابوورییەكانی وڵات، هیچ نیازێكیان بۆ گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو نییە.

بانكی ناوەندی ئاشكراشیكرد، لە قۆناغی كۆتایی یەكخستنەوەی ئەو بانكانەدایە كە پێشتر مامەڵەكردنیان بە دۆلاری ئەمریكی لێ سنوورداركرابوو.
 ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای ئەوەی ئەم بانكانە مەرجەكانی پلانی چاكسازی و ستانداردە نێودەوڵەتییەكانیان جێبەجێكرد و چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارەیان بەهێز كرد، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو سیستەمی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش بكەن.

تایبەت  بە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەكان، بانكی ناوەندی مەرجە تەكنیكییەكانی بۆ بەرزكردنەوەی سنووری كارتی پارەدانی ئەلیكترۆنی بۆ كۆمپانیا و بازرگانییە تۆماركراوەكان تەواو كردووە. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی فراوانكردنی گشتگیریی دارایی و دابینكردنی پێداویستیی كڕیارەكانە بە شێوازی مۆدێرن، هاوتەریب لەگەڵ پێشهاتە خێراكانی كەرتی دارایی جیهانی.

بانكی ناوەندی تەئكیدی كردەوە، كە پابەندە بە دابینكردنی تەواوی پێداویستییەكانی دراوی بیانی بۆ هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت لە چوارچێوەی یاسادا.

ئەم ڕوونكردنەوەی بانكی ناوەندی لە كاتێكدایە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهای 100 دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا گەیشتە 161 هەزار دینار و دواتر بۆ 157 هەزار دینار دابەزیوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو