سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی سلێمانی: ناكرێت وەك سەندیكا هەر رۆژەو لەسەر پەتێك یاری بكەین بە بەیاننامەو بەلاغی سەربازی

کوردستان 09:17 PM - 2026/06/23

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان  لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" كاری پیشەیی و سەندیكایی لەچوارچێوەی یاساو رێساكاندا رێكخراوە، ئەركی سەندیكای رۆژنامەنوسانە لەم هەرێمەدا چاودێریی جێبەجێكردنی ئەم یاسایانە بكات، ئیشوكارەكانی وا رێكخراوە كە سەرجەم یاساكان شەرعیەتی پەرلەمانییان هەیەو نوێنەرانی میللەت لە پەرلەماندا دەنگیان پێداون، وەك شوێن و سەنتەرەكانی تر نیە تەنها بۆ بژێوی ژیانی چەند كەسانێك بەناوی میدیاوە قسە لەسەر پەروەردەو تەندروستی وكیمیاو فیزیاو سنورو چەك و تفاقیش بكەن ".

ئەوەشیخستەڕوو،" میكانیزمی كاری سەندیكایی بۆ ماوەی چارەكە سەدەیەكە لەژێر چەتری یاسای سەندیكاو پەیڕەوی ناوخۆی سەندیكاو دواتر یاسای رۆژنامەوانی لە ساڵی 2007 ەوە كاردەكات، ناشكرێت وەك سەندیكا هەر رۆژەو لەسەر پەتێك یاری بكەین بە بەیاننامەو بەلاغی سەربازی كە هەر قسەی روتەو قسەش ناچێتە گیرفانەوە پاشان ئەو نانە نانی حەرامە ".

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان باسی لەوەشکرد،" سەرجەم كێشەكان لە رێگەی تۆماركردنی سكاڵاوە لە بنكەكانی پۆلیس بەرانبەر بە هەر پلەو پۆستێك دەجوڵێنرێن، ئەوسا دەچنە بەردەم هەردوو دادگای تایبەت بە رۆژنامەنووسان لە سلێمانی ".

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان راشیدەگەیەنێت،" بەدەیان جار داوامان كردوەو رونكردنەوەمان داوە، هەر میدیاكارێك ئەندام بێت یان ئەندام نەبێت، بزانێت مافی خوراوە، یان پێشێلكاری و سوكایەتی بەرانبەر كراوە، هەنگاوی یەكەم دەبێت لەرۆژنامەنووسەكەوە دەست پێبكات و بەناوی ئاشكرای خۆیەوە لەنزیكترین بنكەی پۆلیس سكاڵایەك تۆمار بكات، پاشان تا بڕیاری كۆتایی دادگا،  بەڕێوەبردن و هەموو وردەكاری و تێچووی كەیسەكە سەندیكا دەیدات و دەیبات بەڕێوە".

لەکۆتاییشدا دەڵێت،"  ئەمە راستیەكە هەموو یاساناس و پارێزەرێك دەیزانێت، رێكاری یاسایی لەمە بەدەر نیە و بواری ئیجتیهاد و بیركردنەوەی تێدا نیە، ئێستا لەم ساتەدا بە سەدان كەیسمان لە سلێمانی هەیە و بەم شێوازە بەڕێوە دەچن، با میدیاكارانی خاوەن ئەو كەیسانە خۆیان شایەتی حاڵ بن.. بۆیە ئەم میدیاكارانە دەزانن كێ نان و پیاز بە مافەكانیانەوە دەخوات و كێش بە بێ مەبەست و بە بێ بەرانبەر بەرگرییان لێدەكات، بەڵام بەم رێكارە یاساییانەی كە باسكران ".

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو