عیراق بەنیازە دەیان بەنداوی نوێ بۆ كۆگاكردنی ئاو دروستبكات

عیراق 02:03 PM - 2026/05/04

وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق، پڕۆژەیەكی ستراتیژیی بۆ دروستكردنی دەیان بەنداوی نوێ لە ناوچە جیاوازەكانی وڵات ئامادە كردووە، بۆ كۆكردنەوەی ئاوی باران و لافاو  .
ویسام خەلەف بەڕێوەبەری گشتی دەستەی بەنداو و كۆگاكانی ئاو رایگەیاندووە، وەزارەتەكەیان لە پلانیدایە 36 بۆ 40 بەنداوی نوێ لە سەرتاسەری عیراق دروستبكات.

ئەم هەنگاوە بەشێكە لە هەوڵەكانی حكومەت بۆ زیادكردنی توانای كۆگاكردنی ئاوی سەرزەوی و كۆكردنەوەی باراناو و لافاو لە وەرزی زستاندا. ئامانجی سەرەكی پڕۆژەكە وەبەرهێنانە لەو ئاوە بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ لە وەرزی هاویندا و دابینكردنی سەرچاوەیەكی بەردەوامی ئاو بۆ ناوچە جیاوازەكان.

بەپێی لێدوانەكانی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی بەنداوەكان، لە ناو ئەو بەنداوە نوێیانەدا سێ‌ بەنداو هەن كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان عیراق و توركیادا جێبەجێ دەكرێن، ئەوانیش بەنداوەكانی سپی، خزڕ و ئەبو تاقیەن. ئێستا ئەم سێ‌ بەنداوە گەیشتوونەتە ئاستی دیزاینكردن.

خەلەف ئاماژەی بەوەش كردووە، چەندین پڕۆژەی تری هاوشێوە لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان، بەڵام جێبەجێكردنیان بەستراوەتەوە بە چارەسەركردنی كێشەی دابینكردنی خەرجییە داراییەكان و تەرخانكردنی پارەی پێویست بۆ تەواوكردنیان.

وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو سەركەوتنی خۆی لە بەڕێوەبردنی لافاوەكانی وەرزی زستاندا راگەیاند، كە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی كۆگاكردنی ئاو بۆ 20 ملیار مەتر سێجا. ویسام خەلەف ئاشكرای كرد كە بەشێكی زۆری بەنداوەكان، وەك بەنداوی دەربەندیخان و حەمرین، بە تەواوەتی سەرڕێژ بوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد بەنداوەكانی تری وەك دوكان و عوزێم  ئێستا لە ئاستی سەرڕێژبووندان، ئەمەش بارودۆخی سەرچاوەكانی ئاو لە وڵاتدا جێگیر دەكات.





بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو