ئێران 14 مەرجی بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكان و راگرتنی جەنگ خستەڕوو

عیراق 04:00 PM - 2026/05/03

ئێران لە ڕێگەی وڵاتی پاكستانەوە وەڵامی پێشنیازەكانی واشنتۆنی دایەوە و پێشنیارێكی تری 14 خاڵی بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكان و راگرتنی جەنگ خستەڕوو، ترەمپیش گەیشتنی پێشنیارەكە  پشتراستدەكاتەوە و دەڵێت قبوڵكراو نییە.

میدیاكانی ئێران لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویانكردەوە، تاران لە ڕێگەی وڵاتی پاكستانەوە وەڵامی پێشنیارە 9 خاڵییەكەی ئەمریكای داوەتەوە كە تایبەت بوو بە راگرتنی جەنگ. ئێران لە وەڵامەكەیدا 14 خاڵی وەك پێشنیار خستووەتەڕوو و داوای كردووە لەبری درێژكردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 2 مانگ، كار بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەكی بنەڕەتی بكرێت و سەرجەم دۆسییە هەڵپەسێردراوەكان تەنیا لە ماوەی 1 مانگدا چارەسەر بكرێن.

پێشنیارە 14 خاڵییەكەی ئێران بۆ واشنتۆن چەند داواكارییەكی سەرەكی لەخۆدەگرێت، لەوانە: پێدانی گەرەنتی بۆ هێرشنەكردنەوە لە داهاتوودا، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە دەوروبەری ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، ئازادكردنی سەرجەم سامانە بلۆككراوەكانی ئێران و قەرەبووكردنەوەی وڵاتەكە بەرامبەر زیانەكان. تاران تەئكیدی  كردووەتەوە كە دەبێت ئەم هەنگاوانە وەك مەرجی سەرەكی جێبەجێ بكرێن.

لە بەشێكی تری وەڵامەكەیدا، تاران داوای كردووە جەنگ لە تەواوی بەرەكان بەتایبەت لە وڵاتی لوبنان كۆتایی پێ بهێنرێت. هەروەها ئێران پێشنیاری میكانیزمێكی نوێی كردووە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لە گەرووی هوورمز، ئەمەش وەك بەشێك لەو مەرجانەی كە تاران بۆ ئیمزاكردنی هەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دیاری كردووە.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ پشتڕاستی كردەوە كە ئێران پلان و پێشنیارێكی نوێی بۆ واشنتۆن ناردووە، بەڵام دەڵێت پێناچێت قبووڵی بكەن، چونكە پێیوایە تاران هێشتا باجی تەواوی نەداوە.

 ترەمپ نوسیویەتی ،بەم زووانە پێداچوونەوە بەو پلانەدا دەكەم كە ئێران تازە بۆی ناردووین، بەڵام ناتوانم بهێنمە پێش چاوم كە جێگەی قبووڵكردن بێت.
 سەبارەت بە هۆكاری قبووڵنەكردنی پێشنیارەكە، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: هۆكارەكەی ئەوەیە ئێران هێشتا باجی گەورە و پێویستیان نەداوە لە بەرامبەر ئەوەی لە 47 ساڵی رابردوودا بەسەر مرۆڤایەتی و جیهان ئەنجامیانداوە..

لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ پێشنیارێكی پێشووتری ئێرانی رەتكردەوە، بەڵام دانوستاندنەكان هەر بەردەوامن و وا دیارە ئاگربەستە سێ هەفتەییەكە هێشتا وەك خۆی ماوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو