ئێران بەندەرەكانی پاكستان دەكاتە جێگرەوەی ئیمارات

عیراق 02:03 PM - 2026/05/03

لە هەنگاوێكدا بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ دەریاییەكان و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە بەندەرەكانی كەنداو، تاران روو لە پاكستان دەكات. 

وەزارەتی بازرگانیی پاكستان بەڕەسمی رێگەی بە ترانزێتی كاڵای وڵاتانی سێیەم دا كە لە رێگەی خاكەكەیەوە بەرەو ئێران بڕۆن، ئەمەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو فشارە ئابوورییانەی لەلایەن ئەمریكاوە خراونەتە سەر تاران.

 ساڵانێكی زۆر بوو بەشێكی سەرەكیی هاوردە و ترانزێتی ئێران لە رێگەی بەندەری جەبەل عەلی لە ئیمارات بوو، بەڵام بەهۆی توندبوونی ململانێكان لە ناوچەكە و مەترسیی گەمارۆ دەریاییەكان، ئێستا تاران بەندەرەكانی گوادر، كەراچی و  قاسم لە پاكستان وەك جێگرەوەیەكی ئارامتر دەبینێت ـ ئەم رێڕەوە نوێیە لە رێگەی سنوورەكانی گەبد و تەفتانەوە كاڵا دەگەیەننە ناو ئێران.

 ئەم بڕیارەی ئیسلامئاباد تەنیا رەهەندی ئابووری نییە،سەرچاوە دیپلۆماسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن پاكستان لە كاتێكدا دەرگای ترانزێت بۆ ئێران دەكاتەوە، لە پشت پەردەشەوە هەوڵی چڕ دەدات بۆ نێوەندگیری و خاوكردنەوەی گرژییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن. 

 پاكستان كە هاوپەیمانێكی ستراتیژیی ئەمریكایە و دراوسێی ئێرانیشە، نایەوێت ناوچەكە بەرەو جەنگێكی سەرتاسەری بڕوات، بۆیە كار بۆ دروستكردنی هاوسەنگییەك لەنێوان بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئێران و پەیوەندییە سەربازییەكانی لەگەڵ ئەمریكا دەكات ، گۆڕینی رێڕەوی بازرگانیی ئێران بۆ پاكستان هەناسەیەكی نوێ بە ئابووریی تاران دەدات و، زنجیرەی دابینكردنی كاڵا لەمەترسییەكانی ناوچەی كەنداو و دەریای سوور دوور دەخاتەوە كە ئێستا بوونەتە گۆڕەپانی سەرەكیی رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریكا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو