دادگایەكی چین: نابێت زیرەكی دەستكرد جێگەی كارمەند بگرێتەوە

عیراق 12:14 PM - 2026/05/03

دادگایەكی چین: نابێت زیرەكی دەستكرد جێگەی كارمەند بگرێتەوە   لە كاتێكدا لە وڵاتانی رۆژئاوا خەڵكێكی زۆر لە دڵەڕاوكێدان و دەترسن بەهۆی پێشكەوتنی زیرەكی دەستكردەوە كارەكانیان لەدەستبدەن، لە چین كارمەندێك توانی لە دادگا لە دژی كۆمپانیاكەی سەربكەوێت، دوای ئەوەی دەیانویست بەهۆی تەكنەلۆجیاوە دەریبكەن.

كارمەندێك بەناوی ژۆو لە ساڵی 2022ـەوە لە كۆمپانیایەكی تەكنەلۆجی كاری دەكرد. لە ساڵی 2025، خاوەنكارەكەی ویستی ویرەكی  دەستكرد بخاتە شوێنەكەی.

بۆیە بە ژۆوی وت، یان دەبێت رازی بیت بەوەی پۆستەكەت نزم بكەینەوە و 40٪ی مووچەكەشت ببڕین، یانیش دەبێت بڕۆیت.ژۆو بەمە رازی نەبوو، بۆیە كۆمپانیاكە دەریكرد و 45 هەزار دۆلاری وەك قەرەبوو پێدا.

بەڵام ژۆو قەرەبووەكەی رەتكردەوە و لە دادگا سكاڵای لەسەر كۆمپانیاكە تۆماركرد.دوای چەندین دانیشتن، دواجار دادگای ناوەندیی شاری هانگژۆو لە بەرژەوەندیی ژۆو بڕیاری دا و رایگەیاند، دەركردنەكەی نایاسایی بووە. دادگەكە بەڕوونی وتی: هێنانی زیرەكی دەستكرد بۆ ناو كۆمپانیاكەت، بیانوویەكی یاسایی نییە بۆ ئەوەی گرێبەستی كارمەندەكانت هەڵبوەشێنیتەوە و دەریانبكەیت.

تەنیا لە كاتێكدا دەتوانیت كارمەند دەربكەیت كە كۆمپانیاكەت رووبەڕووی قەیرانی گەورەی دارایی یان مایەپووچبوون بووبێتەوە.
 شارەزایان دەڵێن،راستە پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا شتێكە ناتوانرێت رابگیرێت و بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت كە دەتوانێت لە دەرەوەی یاسا كار بكات.
 
هەرچەندە لە سیستمی یاسایی چیندا بڕیاری یەك دادگا راستەوخۆ نابێتە یاسای گشتی، بەڵام شارەزایان پێیانوایە ئەمە سەركەوتنێكی گەورەیە، چونكە نیشانەیە بۆ ئەوەی حكومەتی چین خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەوەی یاسای تووند دەربكات بۆ پاراستنی كارمەندان لەو مەترسییانەی بەهۆی زیرەكی  دەستكردەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو