سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریا ئاشكرای دەكات كە لەچوارچێوەی رێككەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و حكومەتی كاتی سوریا، چوار لیوای هەسەدە تێكەڵی سوپای سوریا كراون.
سیپان حەمۆ دەڵێت، بە شێوەیەکی کرداریی و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم، چوار لیوای سەربازیی پێکهێنراون و بە شێوەیەکی ڕەسمی یەکخراونەتە لەناو پێکهاتەی وەزارەتی بەرگری سوریا.
وتیشی، ئێمە پێشتر چەندین جار ئاماژەمان بەوە کردووە کە قەبارەی هێزەکان گەورەیە، بەڵام تا ئێستا چوار لیوا بە ڕەسمی و بەپێی ڕێککەوتنەکە چوونەتە ناو سوپاوە، ئەوانیش: لیوای کۆبانێ، و سێ لیوای دیکە لە حەسەکە، قامیشلۆ و دێرک.
یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریا ڕونیدەكاتەوە كە ئەو هێزانە بەڕەسمی و لەڕووی ڕێکخراوەییەوە یەکخراون، لە کاتی ئێستاشدا کار لەسەر لایەنی کرداریی دەکرێت. هەنگاوە کردارییەکانیش خۆیان لە کردنەوەی خول لە ئەکادیمیا سەربازییەکانی سوپا، سازدانی کۆبوونەوەی مەیدانی لەنێوان فەرماندەکان و شارەزایانی بوارە سەربازییە جیاوازەکان، و ئاڵوگۆڕپێکردنی شارەزاییەکان دەبیننەوە.
سیپان حەمۆ ڕاشیگەیاندووە، لێرەدا ڕاستییەک هەیە کە دەبێت بوترێت؛ ژمارەی چەکدارانی هەسەدە زۆر گەورەترە لە قەبارەی ئەو چوار لیوایەی کە تا ئێستا پێکهێنراون، هەموو لایەکیش ئەم ڕاستییە دەزانن. لە ئێستادا گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی چڕ هەیە لەسەر ئەوەی چۆن ئەم ژمارە زۆرە جێگیر بکرێن، ئایا لە شێوەی کەتیبە یان هێزی پشتیوانی بۆ ئەو لیوایانەی پێکهێنراون، یان دروستکردنی لیوای دیکە و فەوج کە بخرێنە سەر سوپای سووریا، بەڵام ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە دروستکردنی چوار لیوایە، قۆناغی تێکەڵکردنیان کۆتاییهاتووە و خەریکی جێبەجێکردنی مەیدانین.