عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق رایدەگەیەنێت ، سەرەڕای ئاڵنگارییە ئابوورییەكان، دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت و رێكاری توندشیان بۆ ڕێكخستنی حەواڵەی دەرەكی گرتووەتە بەر.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق رایگەیاند، مووچەی مووچەخۆران گرەنتی كراوە و نابڕدرێت ، روونیشیكردەوە بەپێی یاسا، بانكی ناوەندی ناتوانێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ قەرز بداتە حكومەت ، بەڵام لە ڕێگەی كڕینی قەواڵە داراییەكانەوە لە سنوورێكی رێگەپێدراودا هاوكاری حكومەت دەبن بۆ دابینكردنی پێداویستییە داراییەكان و هەركاتێك پێویست بێت پشتیوانی دارایی دەبن ،
عەلی عەلاق تەئكیدیشیكردەوە لەوەی، دڵنیایی تەواویان داوەتە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، گەنجینەی ئەمریكا و بانكی یەدەگی فیدراڵی لەبارەی دروستی پرۆسەكانی ئاڵوگۆڕی پارە ، راشیگەیاند پێشتر بڕی 14 ملیار دۆلاریان هاوردە دەكرد، بەڵام ئێستا تەنیا چوار ملیار دۆلار دەهێنن كە بە میكانیزمێكی ورد بۆ گەشتیاران تەرخان دەكرێت، هاوكات فرۆشتنی دۆلاری نەختینەیی بۆ بازاڕەكانی ناوخۆ بەردەوام دەبێت.
سەرەڕای دڵنیاییەكانی بانكی ناوەندی، ئابووری عیراق كە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە. بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هوورمز، جموجۆڵی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە بەندەری بەسڕە بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.
پێشتر هەفتانە زیاتر لە پێنج كەشتی دەگەیەشتنە بەندەرەكە، بەڵام ئێستا لەسەر ئاستی مانگانە تەنیا دوو بۆ چوار كەشتی هاتوچۆ دەكەن، ئەمەش وەك ئاستەنگێك لەبەردەم بازرگانیكردن بە نەوت و دابینكردنی داهات دەبینرێت.