داهات‌و هەناردەی نەوتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان

کوردستان 02:37 PM - 2026/10/24

بەپێی نوێترین داتاكانی روانگەی ئابووری (ئیكۆ عیراق) كە پشت بە بەڵگەنامەیەكی رەسمی كۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) دەبەستێت، ئامارەكانی هەناردە و داهاتی نەوت بۆ نۆ مانگی یەكەمی ساڵی 2026 ئاشكرا كراون.

داتاكان نیشانی دەدەن كە قەبارەی هەناردەی نەوتی خاوی وڵات بوژانەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و داهاتەكەی 37 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. لە نێو ئەم پرۆسەیەشدا پشكی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 25 ملیۆن بەرمیل بووە، ئەمەش گرنگی هەماهەنگیی نێوان بەغداد و هەولێر لە بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیە ستراتیژییەدا دەردەخات.

ئێستا بە وردی باس لەو بەڵگەنامانەی سۆمۆ دەكەین كە سەبارەت بە داهاتی نەوتی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە تەسلیمی پەرلەمانی كردووە، بەڵگەنامەكە داهاتی نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵی عیراق لە هەناردەی نەوت  دەخاتەڕوو:
- نەوتی هەناردەكراو: كۆی گشتی ئەو نەوتە خاوەی كە عیراق لە ماوەی نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی كردووە، گەیشتووەتە 533 ملیۆن و 459 هەزار و 327 بەرمیل. ئەم ژمارە گەورەیە ڕەنگدانەوەی توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست، باشوور و هەرێمی كوردستانە. وە نیشانی دەدات كە سەرەڕای ئاڵنگارییە تەكنیكی و لۆجیستییەكان، پرۆسەی هەناردەكردن بە شێوەیەكی ڕێكخراو و بەردەوام بەڕێوەچووە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕی وزە.
-داهاتی خەمڵێندراو: داهاتی خەمڵێندراوی ئەو نەوتەی هەناردەكراوە گەیشتووەتە 37 ملیار و 388 ملیۆن و 384 هەزار دۆلار. 

-داهاتی دانراو: لەو 37 ملیار دۆلارەی باسمان كرد، بڕی 33 ملیار و 511ملیۆن و 194 هەزار دۆلار بە رەسمی لە هەژماری بانكی ناوەندی عیراقدا جێگیركراوە. جیاوازی نێوان داهاتی خەمڵێندراو و ئەو پارەیەی لە بانكی ناوەندی دانراوە، بەشێكی پەیوەستە بە خەرجیی كۆمپانیاكان، شایستە داراییەكان و دواكەوتنی كاتیی گەیشتنی هەندێك لە قیستەكانی فرۆشتن.

هەناردەی نەوتی عیراق‌و هەرێم لە نۆ مانگدا: ئێستاش باس لەوە دەكەین ئەو 533 ملیۆن بەرمیل نەوتەی لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەناردەكراوە، چەندی لە باشوور‌و چەندیشی هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە: 

- نەوتی باشوور: بەپێی ئامارەكانی ڕوانگەی ئابووری عیراق، لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا 457 ملیۆن‌و 606 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی باشوورەوە بە گەرووی هورمزدا هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كراوە.   
              
- نەوتی باكوور: سەبارەت بە هەناردەكردن لە ڕێگەی هێڵی بۆری باكوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، كۆمپانیاكانی نەوتی باكوور توانیویانە لەم ماوەیەدا بڕی 50 ملیۆن و 757 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكەن. ئەمەش واتە تێكڕای هەناردەكردنی رۆژانەی كێڵگەكانی باكوور گەیشتووەتە نزیكەی 188 هەزار بەرمیل. ئەم رێژەیە رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە پاراستنی هاوسەنگیی هەناردەی گشتی و دابینكردنی داهات.

-نەوتی هەرێم: پشكی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی هەناردەكردندا بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، گەیشتووەتە 25 ملیۆن و 95 هەزار بەرمیل. واتە تێكڕای هەناردەی ڕۆژانەی كێڵگەكانی هەرێم لەم ماوەیەدا نزیكەی 93 هەزار بەرمیل بووە. ئەم ئامارانە لە چوارچێوەی بەڵگەنامە رەسمییەكەی سۆمۆدا، گرنگی و قەبارەی بەشداریی ڕاستەقینەی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كۆی گشتی هەناردەی وڵاتدا بەڕوونی دەخەنەڕوو.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو