لە یادی 58 ساڵەی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی زانكۆی دایک، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی سەرۆک، مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆ دەكەین
زانكۆی سلێمانی لەسەر پێشنیار و داوای سەرۆک مام جەلال لە 23ــی تشرینی یەكەمی ساڵی 1968دامەزرا و بووە ناوەندێكی زانستیی و فەرهەنگی كە تێیدا چەندین كادری لە ڕشتە جیاوازەكاندا بۆ خزمەتی وڵات پێگەیاند و وەكو مەڵبەندێكی رۆشنبیریی لە گەشەكردنی بیری نوێخوازی و سیاسیدا لەسەرەتای حەفتاكانەوە تاوەكو ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابووردو، خوێندكاران و دەرچوەكانی بونە داینەمۆی بزوتنەوەی كوردایەتی پێشکەوتنخواز و لە ڕووبەڕووبونەوەی رژێمی بەعسدا ڕۆڵی پێشەنگیان بینیووە.
لە سەرەتاكانی ساڵی 1992دا زانستخوازان و خەمخۆرانی شاری سلێمانی پێشنیاریان كرد زانكۆی سلێمانی دابمەزرێننەوە، نەک زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێرەوە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی. بەمەش هەرێمی كوردستان بووە خاوەنی دوو زانكۆ، بە باربۆ و دەخیلەی پاشەكەوتی کۆمەڵانی خەڵک، زانكۆی سلێمانی دامەزرایەوە.
گەشەسەندنی ئاستی زانستی و فەرهەنگیی ئەم چەند ساڵەی رابووردوی زانكۆی سلێمانی كە لە پێشەنگیی ڕیزبەندیی زانكۆكانی عیراق و ناوچەكە دا بە دەستی هێناوە جێی شانازیی هەموان بووە.
هەر لەم یادەدا دەستخۆشی لە زانكۆ دەکەین بۆ ئەو هەنگاوە نوێیەی لەگەڵ مەڵبەندی دراساتی گشتی بۆ بە زانستیكردنی پرسە مێژووییەكانی گەلەكەماندا گرتایەنەبەر لە رێی سازکردنی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی (شۆڕشی نوێ لە باشووری كوردستان)دا
دووبارە پیرۆز بێت زانكۆی سلێمانیی
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان