كەرتی نەوتی ڤەنزوێلا دوای لادانی نیكۆلاس مادۆرۆ، بۆ سێ مانگی لەسەر یەك بووژانەوەیەكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و كۆمپانیا ئەمریكییەكانیش بوونەتە كڕیاری سەرەكی.
كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریكی بووژانەوەی كەرتی نەوتی ڤەنزوێلای دوای كۆتاییهاتنی سەرۆكایەتی نیكۆلاس مادۆرۆ راگەیاند و ئاشكرایكرد ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزاكانی سەر كەرتی وزەی ئەو وڵاتەی سووككردووە و رێگەی داوە بەئەنجامدانی مامەڵەی دارایی سنووردار لەگەڵ بانكی ناوەندی ڤەنزوێلا، ئەمەش ئاسانكاری بۆ كۆمپانیا جیهانییەكان كردووە تاوەكو وەبەرهێنان زیاتر بكەن.
بەپێی داتاكان، هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا لە مانگی رابردوودا ملیۆنێك بەرمیلی لەرۆژێكدا تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 160 هەزار بەرمیل، ئەمە بە بەرزترین ئاستی هەناردەكردن لە حەوت ساڵی رابردوودا دادەنرێت، كە بەراورد بە هەمان كاتی ساڵی رابردوو دووهێندە زیادیكردووە.
لە پاڵ زیادبوونی نەوتی خاو، هەناردەی ماددەی شلكەرەوە (كە مادەیەكە بۆ گواستنەوەی نەوتی قورس لەڕێگەی بۆرییەكانەوە) بەكاردێت، گەیشتووەتە پێنج ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، لە كاتێكدا لە مانگی ئازاردا بڕەكەی تەنیا چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بووە، ئەم گۆڕانكارییە یارمەتیدەرە بۆ خێراكردنی پرۆسەی گواستنەوە و هەناردەكردن لە كێڵگە نەوتییەكانەوە بۆ بەندەرەكان.
لەدوای گۆڕانكارییە سیاسییەكان و لەكارلابردنی مادۆرۆ، هیچ بارێكی نەوت بۆ هیندستان نەنێردراوە، لەكاتێكدا پێشتر پاڵاوگەكانی وڵاتی هیندستان گەورەترین كڕیاری نەوتی ڤەنزوێلا بوون و سوودیان لەو بۆشاییە وەردەگرت كە چین جێی هێشتبوو، لەبەرامبەردا كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا بوونەتە كڕیاری سەرەكیی نەوتی كاراكاس، كۆمپانیای شیڤرۆنیش كە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەو وڵاتە، بەنیازە لە دوو ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەی سەدا 50 زیاد بكات.