وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، چەند ڕۆژێكە دەنگۆی ئەوە بڵاودەكرێتەوە كە گوایا هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە ڕاگیراون. ئەم دەنگۆیانە بێ بنەمان و پرۆسەی پاڵپشتییەكان بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشەی لە نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە كە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە واژۆ كراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، تەنیا هاوكارییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش وەستاون، ئەویش بەهۆی سنووداربوون و كەمبوونەوەی چالاكییەكانی تیرۆریستانی داعش.
ئاماژەی بەوەشكرد ، هاوكارییە دارایی و لۆجیستییەكانی ئەمەریكا، كە بەپێی خشتەیەكی كاتیی دیاریكراو، ڕێكخراون، دوا كاتی كۆتاییهاتنی ئەم لێكتێگەیشتنە، مانگی نۆی ساڵی 2026ە. چاوەڕوانیش دەكرێت لە ماوەی ئایندەدا، گفتوگۆكردن بۆ واژۆكردنی لێكتێگەیشتنێكی نوێ لە نێوان هەردوولادا بێتە ئاراوە.