جووڵەی بازرگانی لە بەندەرەكانی باشووری عیراق كەمبوونەوەیەكی بەرچاوی تۆمار كردووە، بەراورد بە سەردەمی پێش جەنگی ئێران و پەككەوتنی گەرووی هوورمز.
نزیكەی 9 رۆژە تەنها 6 كەشتی كە هەڵگری كۆنتێنەری كاڵا و شمەكن گەیشتوونەتە بەندەری ئوم قەسڕ، ئەمە لە كاتێكدایە پێش داخستنی گەرووی هورمز، هەفتانە زیاتر لە 27 كەشتیی بازرگانی دەگەیشتنە ئەو بەندەرە، ئەمەش نیشانەی دابەزینی ئاستی هاوردەكردنی كاڵایە بۆ ناوخۆی عیراق.
سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ هەناردەكردنی نەوت لە بەسڕە، لە ماوەكانی رابردوو تەنها 2 كەشتیی دوای باركردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكان، بەندەرەكەیان جێهێشتووە، ئێستاش 2 كەشتیی بەندەرەكە لەنگەریان گرتووە و ئامادەن بۆ ئەوەی نەوتیان بۆ باربكرێت، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر هەفتانە زیاتر لە 5 كەشتیی نەوت دەگەیەشتنە بەندەرەكە، بەڵام ئێستا لەسەر ئاستی مانگانە تەنیا 2 بۆ 4 كەشتی هاتوچۆ دەكەن.
گەیشتنی كەشتییەكان لەم دواییانەدا پاش ئەوە دێت، لە ماوەی 48 رۆژی جەنگدا تەنیا 1 كەشتی گەیشتبووە بەندەرەكە، سەرەڕای دەستپێكردنەوەی جووڵەكان، ئامارەكان هێشتا زۆر كەمترن لەكاتی ئاسایی.
پێش جەنگ مانگانە 110 بۆ 111 كەشتیی كاڵا و شمەك دەگەیشتنە ئوم قەسڕ، بەڵام ئێستا گەیشتنی كەشتییەكان بە سستی بەڕێوەدەچێت و نەگەیشتووەتەوە بەو ئاستە.