شێروان شێروانی 12 رۆژە مانی لە خواردن گرتووە

کوردستان 03:55 PM - 2026/05/03

لەگەڵ ئەوەی ئەمڕ‌ۆ یادی رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەرییە، بەڵام دۆخی رۆژنامەنووسان لەبەشێكی هەرێمی كوردستان بەتایبەت پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر لەوپەڕ‌ی خراپیدایە و رۆژنامەنووسێكیش لەهەولێر 12 رۆژە مانی لەخواردن گرتووەو داوای هەڵوێست لەخەڵكی كوردستان دەكات و دەڵێت: بەتەنها جێم مەهێڵن.

ئەمڕ‌ۆ، 3ی ئایاری 2026، لە سەرتاسەری جیهان یادی رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەری دەكرێتەوەو ئەمساڵ یادەكە لەژێر دروشمی داڕ‌شتنی داهاتوویەك كە ئاشتی تێدا باڵادەست بێت بەڕ‌ێوەدەچێت، كە تیشكدەخاتە سەر رۆڵی بنەڕ‌ەتی میدیای سەربەخۆ لەسەقامگیریی كۆمەڵگەكاندا ، هاوكات لەكوردستان و بەدیاریكراوی لەشارەكانی هەولێرو دهۆك، دۆخی رۆژنامەنووسان و كاری رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕ‌ین خراپەو لەسەر پۆست و لایك و كۆمێنت و ئیمۆجیش رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان راپێچی زیندان دەكرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و سزا دەدەرێن.

رۆژنامەنووس شێروان شێروانی، كەچەندین ساڵە لەسەر ئازادی رادەربڕ‌ین و كاری رۆژنامەوانی زیندانییە، هەروەها زیاتر لە 10 رۆژە مانی لەخواردن و خواردنەوە گرتووەو لەتۆمارێكی دەنگیدا كەلەزیندانەوە بڵاوكردووەتەوە دەڵێت: لەمانگرتن بەردەوامم و پێویستم بەپشتگیری خەڵكە ئەگەر بەپۆستێكیش بێت.

شێروان شێروانی، رۆژی 16ـی شوباتی 2021 بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان لەلایەن دادگای تاوانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانی سزادرا ، لە شوباتی 2022ـدا بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەدا 60یی سزای گیراوەكانی تر و سزاكەی شێروان شێروانی لەسەدا 50 كەمكرایەوە ،
هەرچەندە بەپێی ئەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێم، دەبوو مانگی ئەیلولی ساڵی 2023، شێروان شێروانی ئازاد بكرێت، بەڵام مانگی تەمموزی هەمان ساڵ بە تۆمەتی ئیمزاكردن لەبری یەكێك لە هاوڕێ زیندانییەكانی، بە چوار ساڵ زیندانی سزا درایەوە و دواتر بەهۆی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمەوە سزاكەی كەمكرایەوە بۆ دوو ساڵ ،

سزادانەوەی شێروان شێروانی لە كاتێكدا بوو، پێویستبوو لە 9ـی ئەیلولی ساڵی رابردوو ئازاد بكرێت، بەڵام بە پاساوی ئەوەی لەنێو زیندان هەڕەشەی لە ئەفسەرێكی زێرەڤانی كردووە، سزای نوێی بەسەردا سەپێندرا ،  شێروانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا لە 22ـی نیسانی 2026  بەهۆی پشتگوێخستنی داواكارییەكانی لەناو زیندانەوە بڕیاری مانگرتنی لە خواردن داوە ،
پارێزەران شێروانی و كەسوكارەكەی دەڵێن رۆژ بە رۆژ تەندروستیی شێروان شێروانی بەرەو خراپی دەچێت و كێشی زۆر دابەزیوە، دەشڵێن بۆ وەڵامدانەوەی داواكارییەكەی شێروان شێروانی، كە داوایكردبوو وەك هەر زیندانییەكی تر ، سێ مانگ جارێك هەفتەیەك مۆڵەتی پێدەدرێت سەردانی كەسوكاری بكات و ئەو ماوەیەشی ماویەتی بگواسترێتەوە بۆ سلێمانی. بەمنزیكانە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو