لەقەرەچوغ پێشمەرگە و سوپای عیراق ئۆپراسیۆنێكیان بۆ لەناوبردنی حەشارگەی داعش ئەنجامدا

کوردستان 02:50 PM - 2026/05/04

بەئامانجی نەهێشتنی جموجۆڵی چەكدارانی داعش و لەناوبردنی حەشارگەكانیان، هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە سنووری مەخموور كێوماڵی چەند ناوچەیەكیان كرد و دەستیان بەسەر كەرەستەی چەكدارانی داعشدا گرت.

بەیانی ئەمڕۆ ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە چیای قەرەچوغ لە نێوان گوندی بەردی سپی و گوندی عەلیەڕەش بەڕێوەچوو، لە پێناو دابینكردنی سەقامگیریی زیاتر بۆ خەڵكی ناوچەكە و گوندنشینانی ئەو سنوورە، ئۆپراسیۆنەكە بە هاوكاری هێزێكی خۆبەخشی سنوورەكە بووە و لە ئەنجامی گەڕان و پشكنینیاندا دەست بەسەر ماتۆڕسكیلێك و چەندین پێداویستی پزیشكی و بڕێك تەقەمەنیدا گیراوە، هیچ رووبەروو بوونەوەیەكیش لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعشدا رووی نەداوە.

چیای قەرەچوغ دەكەوێتە سنووری مەخموور لە پارێزگای هەولێر، ئەم ناوچەیە پێشتر لەلایەن چەكدارانی داعشەوە وەكو مۆڵگە و حەشارگە بەكارهێنراوە، كە تێیدا ناوبەناو هێرشیان دەكردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و دانیشتووانی ناوچەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو