پارێزگای سلێمانی رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو بەناو پەیامنێر و میدیایانە دەگرێتەبەر كەهەوڵی ناوزڕاندنی سلێمانی و زیان گەیاندن بەدانیشتوانەكەی دەدەن.
سەبارەت بەو كەسەی بەناوی میدیایەكی كوردییەوە لەبەردەم سەرۆكی ئەمریكا ناوی سلێمانی هێنا و بەزمانێكی دووژمنكارانە هەوڵی ناوزڕاندنی خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانیدا، شاهۆ عوسمان،
جێگری پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: رایگەیاند: دەبێت هەم ئەو بەناو پەیامنێرە و هەم دەزگاكەی داوای لێبوردن لەخەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی بكەن، هاوكات سەرسامی خۆی دەربڕی كە كەسێك چۆن دەتوانێت بەزمانی كوردی لەبەردەم سەرۆكی ئەمریكا بەو شێوەیە هەوڵی ناشرینكردنی شارێكی كوردی بدات!!،
جێگری پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشكرد: ژمارەیەك میدیای چەواشەكار ماوەیەكە بەئامانجی سیاسی هێرشیان بۆ سەر خەڵكی شاری سلێمانی دەستپێكردووە و بووە بە پیشە.
ئاماژەی بەوەشدا، رێگەنادەین بۆ مەرامی سیاسی ناو و ناوبانگی سلێمانی لەكەدار بكرێت ورێككاری یاسایی لەبەرامبەر هەموو ئەوانەدا دەگرینە بەر كە هەوڵی زڕاندنی ناوی سلێمانی دەدەن.
ووتیشی، هیچ كاتێك لەگەڵ ئەوەدانین ململانێ سیاسییەكان بگەنە ئاستێك كە شارەكان بكەنە ئامانج و ناویان بزڕێنن، داواشیكرد میدیاكان و میدیاكاران پیشەییانە كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن.