ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز بەردەوامە، جارێكی تر لەلایەن چەند بەلەمێكی بچووكەوە هێرشی كرایە سەر كەشتییەكی بارهەڵگر لە نزیك گەرووی هورمز، سوپای پاسدارانیش رەتیدەكاتەوە دەستیان بەسەر كەشتییەكەدا گرتبێت.
سەرەڕای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریكا، بەڵام هێشتا هاتوچۆی كەشتییە نەوتییەكان و كەشتییە بارهەڵگرە بازرگانییەكان ئەستەمە كە بەنیازن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، دوێنێ كەشتییەكی بارهەڵگری گەورە كە 11 میل لەشاری سیریك لە كەناراوەكانی ئێرانەوە دوور بووە لەلایەن چەند بەلەمێكی بچووكەوە هێرشی كرایە سەر، لەو بارەیەوە رێكخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەكانی بەریتانیا ئاشكرایكرد، كاپتنی كەشتییەكە پشتڕاستیكردووەتەوە هەموو تیمی كەشتیوانییەكەی سەلامەتن و هیچ زیانێكیان نەبووە.
هاوكات ئاژانسی هەواڵی فارس نزیك لە سوپای پاسداران، رەتیكردەوە دەستیان بەسەر كەشتییەكەدا گرتبێت و تەئكیدیكردەوە، كەشتییەكە لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە راگیراوە وەك بەشێك لە رێكارە چاودێرییە رۆتینییەكان بۆ پشكنینی بەڵگەنامەكان.
.