هەنگاوەكانی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و حكومەتی كاتیی سوریا لە 29ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ رێكەوتنێكیان ئیمزاكرد و لە 2ی شوباتەوە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە،
رێككەوتنەكە جگە لە ئاگربەستی نێوان هەردوولا، یەكخستنی قۆناغبەندی هێزە سەربازیی و ئیدارییەكانی هەردوولا لەخۆدەگرێت. لە نوێترین پێشهاتدا یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریا دەڵێت، لە چوارچێوەی رێككەوتنی دیمەشقدا، چوار لیوای هەسەدە تێكەڵی سوپای سوریا كراون.
سیپان حەمۆ یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریا رایگەیاند، پرۆسەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سوریا و تەواوكردنی پێكهاتەكەی، بەرەوپێشونی باشی بەخۆوە بینیوە و تا ئێستاش بە رەسمی چوار لیوای هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا تێكەڵكراون.
راشیگەیاند، قۆناغی داهاتوو بریتی دەبێت لە تەواوكردنی هەیكەلی رێكخراوەیی سوپا و یەكخستن و جێگیركردنی هێزەكان و كۆتاییهێنان بە بڵاوبونەوەی گروپە چەكدارەكان.