بەهۆی قەیرانی سووتەمەنییەوە ئێران بەكارهێنانی كارەبا سنووردار دەكات

عیراق 03:50 PM - 2026/11/22

ئێران بەهۆی كەمی سووتەمەنی پێویست بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، لەكاتی خراپتربوونی قەیرانی دابینكردن و زیانگەیاندن بە ژێرخانی وزە لە سەردەمی جەنگدا، ئەمڕۆ دەستی بە جێبەجێكردنی پچڕانی كارەبای یەك لە دوای یەك بۆ ماڵان و شوێنە بازرگانییەكان كردووە.

پێشبینی دەكرێت پچڕانی كارەبا بۆ ماوەی نزیكەی دوو سەعات هەر دوو رۆژ جارێك لە هەندێك ناوچە بەردەوام بێت، رەنگە لە ناوچەكانی تریش رۆژانە بگاتە دوو  سەعات ، ئەمەش بەپێی قەبارەی پێداویستییەكان و پێویستی هەر ناوچەیەك.

محەممەدوڵا داد سەرۆكی كۆمپانیای نیشتمانیی كارەبای ئێران بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران رایگەیاندووە ،دۆخی دابینكردنی سووتەمەنی وڵات كەرتی كارەبا ناچار دەكات لە 22ی تشرینی دووەمەوە سنوورداركردن بەسەر دابەشكردنی كارەبادا بسەپێنێت و ئاماژەی بەوەشكردووە، ماوەی پچڕانی كارەبا بەپێی ناوچەكان جیاواز دەبێت.بە وتەی ئەو لێپرسراوە ،ئەو سنوورداركردنانە بە ئامانجی بەڕێوەبردنی سنوورداركردنی دابینكردنی سووتەمەنی و پاراستنی سەقامگیری تۆڕی كارەبای نیشتمانییە.

ئەم بڕیارە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و بەرزبوونەوەی چاوەڕوانكراوی خواست لەسەر غازی بەكارهێنراو بۆ گەرمكردنەوە، ئەمەش فشار لەسەر پێداویستییە بەردەستەكان بۆ وێستگەكانی كارەبا زیاد دەكات، كە بەپێی  ماڵپەڕی ئێران نێودەوڵەتی رووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە دەستەبەركردنی بڕی پێویست سووتەمەنی.بە وتەی محەمەدوڵاش ،بەرهەمهێنانی غازی وڵات هێشتا لە خوار ئاستی ساڵی رابردووەوەیە، ئەمەش فشارەكانی سەر كەرتی كارەبا زیاتر دەكات.

ئێران لە ساڵانی رابردوودا بە هۆی كەمیی سووتەمەنی لە وێستگەكانی كارەبادا پەنای بۆ ڕێوشوێنی هاوشێوە بردووە.پێشتر مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران رایگەیاندبوو ،هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل كە ژێرخانی وزەی وڵاتەكەیان كردۆتە ئامانج، كێشەی دابینكردنی پێش زستانی گەورەتر كردووە.ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران لە زاری ناوبراوەوە بڵاویكردووەتەوە ،هێرشكردنە سەر ژێرخانی غازی وڵات دۆخەكەی خراپتر كردووە، هەر بۆیەپێویستە لە وەرزی زستاندا چاوەڕوانی دۆخێكی سەخت بن.

پچڕانی بەردەوامی كارەبا ناڕازیبوونی خەڵكی لێكەوتۆتەوە، لەكاتێكدا لەماوەی رابردوودا دەسەڵاتداران ناچاربوون دامەزراوە حكومییەكان دابخەن و خزمەتگوزارییەكان كەم بكەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو