دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو دەنگۆی گرانبوونی نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوبووەوە، ئەنجومەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی دڵنیایی دا لە دابینكردنی پێداویستییەكان بە نرخێكی گونجاو و جێگیر.
ئەنجومەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی لە راگەیەندراوێكەدا هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دڵنیا دەكاتەوە دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی هێلكەی خواردن دوورە لە راستییەوە، ئەنجومەن بەهەموو شێوەیەك رێگری دەكات لە هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەكی نایاسایی لە نرخدا و رێگە نادەن بارگرانی بۆ سەر شانی هاووڵاتیان دروست ببێت.
هەروەها ئاماژە بەوەشدەكات، ئێمە وەك خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان، هەمیشە خۆمان بە بەشێك لە خەم و ژیانی خەڵك زانیوە و دوپاتی دەكەینەوە بەرژەوەندی گشتی لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەكی ترەوە دادەنێین.
هاوكات ئەوەشی ئاشكراكرد، سەرجەم كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامن لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بە بڕ و كوالێتییەكی بەرز و هەموو تواناكان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بازاڕەكان تێر بكەن لە بەرهەمی ناوخۆیی و رێگریكردن لە كورتهێنان.
هەر سەبارەت بەم بابەتە وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق دەڵێت، هیچ قەیرانێك لە بەرهەمهێنانی هێلكەدا نییە و بەرهەمی ناوخۆیی بە تەواوەتی بەشی پێداویستییەكانی بازاڕ دەكات، پڕۆژەكانی پەلەوەریش كارەكانیان بەردەوامە، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان كرد بڕوا بە دەنگۆكان نەكەن و پەنا نەبەنە بەر كۆگاكردنی هێلكە.
وەزارەت ئەوەشی ئاشكراكرد، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخەكان هۆكارەكەی یاریپێكردنی بازاڕە لەلایەن هەندێك بازرگانەوە، دەنگۆی كەمیی هێلكە بڵاو دەكەنەوە تاوەكو قازانجی زیاتر بكەن، بۆیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامن لە چاودێریكردنی نرخەكان بۆ رێگریكردن لە هەر جۆرە قۆرخكارییەك، ئەم روونكردنەوەیەی وەزارەت لەكاتێكدایە نرخی یەك تەبەق هێلكە لە بازاڕەكانی عیراقدا بۆ هەشت هەزار و 500 دینار بەرز بووەتەوە.