وەزارەتی دارایی عیراق ئاماری كۆتایی داهات و خەرجییەكانی مانگی یەكی ئەمساڵی بڵاوكردەوە و رایگەیاند،94%ـی خەرجییەكان بۆ بودجەی بەكاربردن بووە و تەنیا 6% بۆ وەبەرهێنان تەرخانكراوە.
بەپێی ئامارەكان،لە مانگی كانوونی دووەمی 2026دا، كۆی داهاتی وەزارەتی دارایی عیراق زیاتر لە هەشت ترلیۆن و 537 ملیار دینار بووە، لە بەرامبەردا كۆی خەرجییەكان گەیشتووەتە هەشت ترلیۆن و 876 ملیار دینار.
بەپێی داتاكان، بودجەی وڵات لەو مانگەدا بڕی 339 ملیار دینار كورتهێنانی تۆمار كردووە، كە دەكاتە 4%ـی كۆی گشتیی بودجەی مانگەكە.بەپێی ئامارەكان،داهاتی فرۆشتنی نەوت 83%ـی كۆی داهاتی عیراقی پێكهێناوە كە بڕەكەی حەوت ترلیۆن و 75 ملیار دینار بووە، هاوكات داهاتی نانەوتی 17% بووە و بڕی یەك ترلیۆن و 462 ملیار دیناری بۆ گەڕاوەتەوە.
هەرێمی كوردستانیش لەو مانگەدا بە 120 ملیار دینار بەشداربووە لە داهاتی نانەوتیی فیدراڵی، لە بەرامبەریشدا بەغداد بڕی یەك ترلیۆن و 28 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم رەوانە كردووە.
بەهۆی ئەوەی عیراق بۆ ساڵی 2026 یاسای بودجەی نییە، تەمویلكردنی خەرجییەكان لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2025 بەردەوامە. تا حكومەتی نوێی عیراق پێكنەیەت، پەرلەمان ناتوانێت داوای پڕۆژەیاسای بودجەی نوێ لە حكومەتی كاربەڕێكەر بكات، ئەمەش وایكردووە خەرجییەكان لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی رابردوودا بمێننەوە.
ئەم ئامارانەی مانگی كانوونی دووەم لە كاتێكدایە، لە مانگەكانی دواتردا (ئادار و نیسان) بەهۆی جەنگی ئێران و داخرانی گەرووی هوورمز، داهاتی نەوت دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و عیراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكان پەنای بۆ یەدەگی دراوی بیانی بردووە.