نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریكا لە عیراق، هەڵوێستی رەسمی خۆی لەسەر ڕاسپاردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ ڕاگەیاند، دابینكردنی ئاسایش و سەروەری بە كاری لە پێشینەی عەلی زەیدی دادەنێت.
نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریكا لە عیراق، لە ڕێگەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە هەولێر، هیوای سەركەوتن بۆ عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو دەخوازێت. بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە توانای بەدیهێنانی خواستەكانی سەرجەم هاووڵاتیانی عیراقی هەبێت بۆ داهاتوویەكی گەشتر و ئارامتر.
نێردەی دیپلۆماسی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، ئەمریكا پاڵپشتی لەخەڵكی عیراق دەكات لەهیواخواستنیان بۆ ئامانجە هاوبەشەكان، كە سەرەكیترینیان پاراستنی سەروەریی عیراق و چەسپاندنی ئاسایشە. دووپاتیشی دەكاتەوە پێویستە ئاسایشی وڵات خاڵی بێت لە هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ ئەوەی زەمینەی سەقامگیری بڕەخسێت.
بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریكا لە عیراق، ئاماژە بە بونیادنانی داهاتوویەكی خۆشگوزەران دەكات. دەشڵێت ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە كە ببێتە مایەی سوودی بەرجەستە بۆ هاووڵاتیانی ئەمریكی و عیراقی و پەرە بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات بدرێت.