حاكم ئاسۆ محەمەد دادوەری پێشوو لەدادگای باڵای تاوانەكانی عیراق و دادوەری لێكۆڵینەوە لەدۆسێیەی ئەنفال تایبەت بەگەلی كوردستانی راگەیاند، رۆژی حەوتی پێنجی 2026 وەك رۆژی بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی دادگایكردنی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان تۆمەتباری سەرەكی لەتاوانی نوگرە سەلمان دیاری كراوە، ئاماژەی بەوەشكرد دادگاییەكە لەدادگای باڵای تاوانەكانی عیراق بەڕێوەدەچێت.
عەجاج ئەحمەد حەردان ناسرابوو بە جەلادەكەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان، لە هۆزی ئەلبوناسر لە تیرەی نزارە، یەكێك بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە و یەكێكە لە تێوەگلاوانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال لە ساڵی 1988.
عەجاج، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لە كەركووكەوە رووی لە سوریا كردووە و لە ناوچەی جەرەمانە لە نزیك دیمەشق نیشتەجێ بووە، خاوەنی سێ كوڕە و دوو لە كوڕەكانی ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە بوون و لە پێكدادانێكدا لە ناوچەی زلوعییە لە نزیك سەڵاحەددین كوژراون.
عەجاج ئەحمەد، دوای 37 ساڵ لە تاوانەكانی جینۆسایدكردن و ئەنفالكردنی كورد، لە 31ـی تەمموزی 2025 لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق دەستگیر كرا.