یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بۆ خوار 985هەزار دینار دابەزی

کوردستان 10:25 AM - 2026/04/29

 لەسەعاتەكانی رابردوودا نرخی  زێڕ لە بازاڕە جیهانییەكاندا داڕمانێكی خێرای بەخۆیەوە بینی و نرخەكەی بۆ هەر ئۆنسەیەك 120 دۆلار كەمی كرد، ئەمەش وایكرد نرخی زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خوار یەك  ملیۆن دینار دابەزێت.

ئەم دابەزینە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی بانكی ناوەندیی ئەمریكا بۆ بڕیاردان لەسەر ڕێژەی سوودی بانكی. دوای ئەو دابەزینە گەورەیە نرخەكان كەمێك بەرزبوونەوە بەڵام هێشتا قەرەبووی زیانەكانی نەكردووەتەوە و ئێستا نرخی هەر ئۆنسەیەك زێڕ بە چوار هەزار و  598 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت.

بەردەوامیی مەترسییەكانی هەڵاوسان و قەیرانی وزە، وەبەرهێنەرانی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی كە بانكی فیدراڵیی ئەمریكا ڕێژەی سوودی بانكی وەك خۆی بە بەرزی دەهێڵێتەوە.
بەوپێیەی زێڕ سامانێك نییە سوودی لەسەر بێت، هێشتنەوەی سوودی بانكی لە ئاستێكی بەرزدا دەبێتە هۆی دابەزینی خواست لەسەر زێڕ و گواستنەوەی وەبەرهێنانەكان بۆ دۆلار و پشكە بانكییەكان.

ئەم هەفتەیە بۆ بازاڕە داراییەكان بە یەكلاكەرەوە دادەنرێت، چونكە چەند بانكێكی ناوەندیی كاریگەر بڕیار لەسەر ڕێژەی سوود دەدەن، لەوانە بانكی ناوەندیی ئەوروپا و بانكی بەریتانیا. پێشتر بانكی ناوەندیی ژاپۆن بڕیاریدا ڕێژەی سوود وەك خۆی بهێڵێتەوە. جێگەی ئاماژەیە، لە دوای دەستپێكردنی جەنگ لە كۆتایی شوباتی ئەمساڵەوە، زێڕ بە گشتی 11%ـی بەهاكەی لەدەستداوە.

ئەم دابەزینە بازارەكانی هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە و نرخی یەك مسقاڵ زێری عەیارە 21 بۆ 984 هەزار دینار دابەزیوە .

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو