ئەم هەواڵەمان ئومێدێكە بۆ مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی مانگی نیسان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئادار بۆ بەغداد نێردراوە و بە وتەی دكتۆر خالید شوانی، وەزارەتی دارایی عیراقیش ناردنی 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی لەم مانگەشدا ناكاتە مەرج بۆ ناردنی مووچە.
دكتۆر خالید شوانی وەزیری دادی عیراق بە میدیاكانی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەتێگەیشتنی لەبارودۆخەكە، كە بۆ ئەم مانگەش هەرێمی كوردستان ناتوانێت 120 ملیار دینار وەك داهاتی ناوخۆ تەسلیم بكات، بڕیاریدا بۆ ئەم مانگەش بە كەمتر لەوبڕە رازی ببن و مووچە بنێرن.
راشیگەیاند، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە تەواوكردنی رێكار و جێبەجێكردنی ئەركەكانە لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە، تاوەكو مووچەی مانگی نیسان خەرج بكرێت.
رۆژی 21ی4ی2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئادار لەلایەن تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بەغداد كرا.
ئەمە لەكاتێكدایە، مانگەكانی رابردوو وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی دەخستە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عیراق، بەڵام بۆ مانگی ئادار تەنها یەك لەسەر چواری ئەو داهاتەی بۆ عیراق ناردووە، كە بڕەكەی نزیكەی 44 ملیار دینارە بۆ مووچەی مانگی ئاداریش حكومەتی فیدڕاڵ ناردنی 120 ملیار دینار لەلایەن هەرێمەوە ناكاتە مەرج بۆئەوەی مووچە بنێرێت، دیاریش نییە بۆ مووچەی مانگەكانی داهاتوو بەهەمان میكانیزم دەبێت یاخود نا.
رۆژی 12ی ئەم مانگە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێم دەستیپێكرد و رۆژی 14ی ئەم مانگە كۆتایی بەدابەشكردنی مووچە هات.