یەكەمین كەشتی گواستنەوەی گازی شلكراو توانی گەرووی هورمز تێپەڕێنێت

عیراق 10:51 AM - 2026/04/28

     دوای دوومانگ لەجەنگ و ئاستەنگەكانی بەردەم گواستنەوە لە گەرووی هورمز، یەكەمین كەشتی  گواستنەوەی گازی شلكراوی ئێڵ ئێن جی   توانی گەرووی هورمز تێپەڕێنێت،ئەمەش وەك ئاماژەیەكی سەرەتایی بۆ ئاساییبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغی گواستنەوەی وزە لە ناوچەكەدا دەبینرێت.
بەپێی زانیارییەكانی سیستەمی شوێنپێهەڵگرتنی كەشتییەكان، كەشتیی موبارز كە سەر بە كۆمپانیای ئەدنۆكـی ئیماراتییە، دوای تێپەڕاندنی گەرووی هوورمز و ئاوەكانی كەنداو، لە ناوچەكانی باشووری هیندستان بینراوە.
 ئەم كەشتییە لە سەرەتای مانگی ئازارەوە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ئاوەكانی كەنداودا گیریخواردبوو، تەنانەت لە 31ـی ئاداردا ئامێرەكانی پەیوەندی و شوێنپێهەڵگرتنی كوژاندبووەوە بۆ ئەوەی شوێنەكەی ئاشكرا نەبێت.
درەنگانی دوێنێ نیشانەكانی شوێنپێهەڵگرتنی كەشتییەكان جارێكی دیكە كەشتیی موبارزیان لە ئاوەكانی هیندستاندا تۆماركردووە. 
بەپێی خشتەی گەشتەكەی، چاوەڕوان دەكرێت تاوەكو ڕێكەوتی 15ـی ئایار بگاتە وێستگەكانی وزە لە وڵاتی چین، ئەمەش یەكەمین گەشتی سەركەوتووی گازی شلكراوە لەو ڕێڕەوەدا دوای پەككەوتنی جووڵە بازرگانییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو