نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق ، پەیامێكی هاوخەمی بۆ كەسوكاری قوربانیانی رووداوەكەی كەركوك بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوەكرد،بە خەم و پەژارەیەكی قووڵەوە، هەواڵی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی هاتووچۆیەیان پێگەیشت كە لە پارێزگای كەركوك ڕوویدا و لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و دەیان كەسی تریش برینداربوون.
سەرۆك كۆمار پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی دڵسۆزانە ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانییەكان كردو رایگەیاند،لە پەروەردگاری مەزن دەپاڕێتەوە ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە بیانخاتە بەهەشتی بەرفراوانی خۆیەوە و سەبوری و دڵنەوایی بە كەسوكارەكانیان ببەخشێت.
هەروەها هیوای زوو چاكبوونەوەی بریندارەكان و گەڕانەوەی خێرا بۆ ناو خێزانەكانیان بە سەلامەتی و تەندروستی دەخوازێت.هەر لە پەیامەكەدا ، نزار ئامێدی تەئكیدی كردەوە لەوەی پێویستە لایەنە پەیوەندی دارەكان،ڕێوشوێنی خێرا و یەكلاكەرەوە بگرنەبەر بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوە دڵتەزێنانە، لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و بەهێزكردنی رێوشوێنی سەلامەتی گشتی.