بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە دوو هەزار دۆلار بدرێتە ئەو كەسانەی ئەم ساڵ بۆ حەج دەچنە سعودیە. وتەبێژی حەج و عومرەش دەڵێت،بڕیارەكە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هەموو ئەوانەی ناویان گەڕاوەتەوە ئەمڕۆ دەتوانن بچن و دۆلارەكە وەربگرن.
كاروان ستوونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،ئەوانەی ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە ئەمڕۆ دەتوانن بچن دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی وەربگرن.دەشڵێت، هەر كەسێك دەچێت بۆ وەرگرتنی دۆلار، دەبێت پاسپۆرت و ڤیزەی حەج ببات، لەو شوێنانەی دۆلارەكە دەدرێ كیوئاڕكۆدیان هەیە و زانیارییان لەبارەی هەموو ئەوانە بۆ نێردراوە كە مافیان هەیە دۆلارە وەربگرن.
نووسراوەكە لە بانكی ناوەندیی عیراقەوە بۆ بانكەكان نێردراوە، كە بۆ هەر كەسێك دەچێتە حەج دوو هەزار دۆلار بە نرخی رەسمی دابین بكەن، كە بۆ هەر 100 دۆلار 132 هەزار دینارە.
نۆی ئەم مانگە نووسراوەكەی بانكی ناوەندیی عیراق ئاراستەی هەریەكە لە بانكەكانی رافیدەین، رەشید، بانكی عیراقی بۆ بازرگانی (TBI)، بانكی جیهان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو كراوە و داوا كراوە، هەر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بدرێت بەو كەسانەی ئەم ساڵ بۆ حەج دەچنە سعودیە.