کۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق روونكردنەوەیەكی لەبارەی نووسراوێكی تایبەت بە راگرتنی پشكی سوتەمەنیی كارگە و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و تێدا تەئكید لەوەدەكاتەوە، بڕیارەكە پشكی غازی ماڵان و نەوتی سپیی هاووڵاتییانی هەرێم ناگرێتەوە.
لە ڕوونكردنەوەكەی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكاندا هاتووە، لەبارەی نووسراوی ژمارە '22474' كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە و تایبەتە بە راگرتنی پێدانی سوتەمەنی بە كارگە و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان، بە پێویستی دەزانین روونی بكەینەوە، ئەو بڕیارە ئەم لایەنانەی خوارەوە ناگرێتەوە: یەكە غازی شلی ماڵان كە بۆ هاووڵاتییان و كارگەكانی غازی شل لە هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت, دووەم نەوتی سپی كە بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت.
لەبارەی چارەنووسی پشكی ئەو كارگە و كۆمپانیا پیشەسازییانەی كە بڕیارەكە دەیانگرێتەوە، وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە كردووە، پشكەكانیان بە شێوەیەكی كاتی راگیراوە و دوای پێشكەشكردنی نووسراوێكی پشتگیری لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی/ بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە، پشكەكانیان بۆ خەرج دەكرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، مەرجی ئەو پشتگیرییە ئەوەیە كە بسەلمێنرێت مۆڵەتی دامەزراندن و رەزامەندییە یاساییەكانی ئەو كارگانە دروستن، كارگەكان لە كاركردن بەردەوامن و ئەو بەرهەمە نەوتییەی وەریدەگرن بە شێوەیەكی كرداری وەك كەرەستەی خاو لە بەرهەمهێناندا بەكاری دەهێنن. لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا، كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان تەئكید لە پەرۆشیی وەزارەتی نەوت دەكاتەوە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی هاووڵاتییانی سەرجەم پارێزگاكانی تری عیراق.