پێگەیەكی جیهانی: هەوای هەولێر نزیكەی نۆ هێندەی ستانداردی جیهانی پیسە

کوردستان 03:19 PM - 2026/11/23

بەپێی پێگەی ئایكیو ئێیەری سویسری، رۆژی یەك شەممە  ئاستی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر گەیشتۆتە قۆناغێك كە بۆ تەنۆلكە وردە زیانبەخشەكان تێیدا 8.7 هێندەی ئەو ئاستە ستانداردە بەرزترە، كە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دیاری كردووە.

بەپێی داتاكانی پێگەی ئای كیو ئێیەری سویسری كە چاودێریی كواڵیتیی هەوای جیهان دەكات، سەعات شەشی ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە پێوەری كواڵیتیی هەوا لە هەولێر گەیشتە 121 پلە، كە بەپێی  پۆلێنبەندیی ئەمریكی دەكاتە ئاستی ناتەندروست بۆ گرووپە هەستیارەكان.

پێگە سویسرییەكە ئاماژەی بەوە كردووە، پیسكەری سەرەكیی ئێستای هەوای هەولێر تەنۆلكە وردەكانن، كە چڕییەكەیان گەیشتووەتە 43.7 مایكرۆگرام بۆ هەر مەترێك سێجا، ئەمەش 8.7 هێندە زیاترە لە رێژەی ستانداردی ساڵانەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، هەروەها پێشبینی دەكرێت ئەم شەپۆلەی پیسبوونی هەوا تا رۆژی چوارشەممە لە نێوان 118 بۆ 120 پلە بمێنێتەوە.

هاوكات پێگەیەكی ئەمریكی، ئاستی هەوای دوێنێی هەولێری بە 84 پلە و لە خانەی (خراپ) پۆلێن كردووە و هۆشداری دەدات، هەواكە گەیشتووەتە ئاستێكی بەرزی پیسبوون و بۆ كەسانی هەستیار ناتەندروستە. 

بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، ئاستی ستاندارد بۆ تەنۆلكە وردە زیانبەخشەكان دەبێت تەنها پێنج مایكرۆگرام بۆ هەر مەتر سێجایەك بێت وەك تێكڕای ساڵانە، و نابێت لە ماوەی 24 سەعاتدا لە 15 مایكرۆگرام تێپەڕێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو