هێزێكی سوپای عیراق بەپاڵپشتیی ئۆتۆمبێلی سەربازیی زرێپۆش ڕێگەی گوندی دوبزنانی لەسنووری ناحیەی شوان لەباكوری ڕۆژهەڵاتی كەركوك داخست و بەتەواوی ڕێگریی لەدەرچوونو تێپەڕبونی بارهەڵگرەكان دەكات.
بەپێی زانیارییەكان ئەم هەنگاوە سەربازییە بەمەبەستی داخستنی ئەو ڕێگە لاوەكییانە دێت كە بارهەڵگرەكان وەك ڕێڕەوی جێگرەوە بەكاریاندەهێنا بۆ خۆدزینەوەو تێپەڕاندنی بازگەی سەرەكیی شوان كە بەدەروازەیەكی هەستیاری پشكنینی ئەمنیو گومرگی لەنێوان پارێزگای كەركوكو هەرێمی كوردستان دادەنرێت.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوەشدەكەن، داخستنی ئەم ڕێگەیە لەچوارچێوەی هەڵمەتێكی ئەمنیی توندو چڕدایە بۆ كۆنترۆڵكردنی جوڵەی گواستنەوە و بنبڕكردنی قاچاخچێتیو ناچاركردنی سەرجەم بارهەڵگرەكان تاوەكو تەنها بەڕێڕەوە رەسمییەكانی پشكنیندا تێپەڕن.
هاوكات گرتنی ڕێگەكە ئاستەنگی هاتوچۆی دروستكردوەو لەبەرامبەریشدا كاردانەوەی شۆفێرانی لێكەوتوەتەوە، داوا لەئیدارەی پارێزگای كەركوك دەكەن هەرچی زوە بێتە دەنگو هاتوچۆ لەو ڕێگەیەدا ئاسایی بكاتەوە.