وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، هەشت كەسایەتی و 22 قەوارەی لە ئێران و ئیمارات و توركیا و هۆنگ كۆنگ خستە لیستی سزاكانەوە، تارانیش لە دۆخی نە جەنگ نە ئاشتی نیگەرانە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، 16 كۆمپانیا كە بارەگاكانیان لە شاری دوبەیە و لە بوارەكانی بازرگانیی گشتی و وزە و كەرەستەی بیناسازی و پارچەی یەدەگی ئامێرە قورسەكاندا چالاكن، خراونەتە لیستی سزاكانەوە.
راشیگەیاندووە، هەردوو كۆمپانیای "ئینتێگراڵ پێترۆ ئینێرجی" و "ئێچ ئێن بی" بۆ بازرگانی كە بارەگاكانیان لە دوبەیە، بەدوای یەكدا خرانە لیستی سزاكانی پەیوەست بە ئێران و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە. لەهەمانكاتدا كۆمپانیای "بۆغازئیچی"ـی توركی و كۆمپانیای "گراندیز" لە هۆنگ كۆنگ خرانە لیستی سزاكانەوە.
راگەیەنراوەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە كاتێكدایە سوپای پاسدارانی ئێران خستنەخوارەوەی درۆنێكی ئەمریكی لە جۆری لۆكاس لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، راگەیاند. لەلایەكی تریشەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئێران رایگەیاند، رابەری باڵای وڵاتەكەی تەئكیدی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، دەبێت دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی كۆتایی بێت. ووتیشی، دوژمن دەیەوێت دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی بسەپێنێت بۆ ماندووكردن و پووكانەوەمان، بۆ رووبەڕووبوونەوەشی پێویستە بگەینە ئاستی بەرپەرچدانەوەیەكی بەردەوام.