د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید: ناردنی ئامێری پزیشکی بۆ هەرێم دەستپێدەکاتەوە

کوردستان 03:24 PM - 2026/11/24

د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عیراق، توانراوە بەربەستی یاسایی بەردەم ناردنی ئامێرە پزیشکییە پێشکەوتووەکان بۆ هەرێمی کوردستان لاببرێت و هاوکات ڕەزامەندی بۆ فراوانکردنی سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە لە قەزاكانی كەلار و چەمچەماڵ و ڕانیە وەرگیراوە.

د.رێكەوت ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی 2019ـەوە بەهۆی بوونی بەندێک لە یاسای بودجەدا، وەزارەتی تەندروستیی عیراق ناردنی ئامێرە پزیشکییە گرانبەهاکانی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگرتبوو. بەڵام ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ د. عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عیراق و لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان، ئەو بڕگەیە دانراوەتەوە بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2027دا کڕین و ناردنی ئەو ئامێرانە بۆ هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت.

د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید ڕوونیشیکردووەتەوە، لە هەمان کۆبوونەوەدا وەزیری تەندروستیی عیراق ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر گەورەکردنی بینا و زیادکردنی ئامێرەکانی شوشتنی گورچیلە بۆ هەریەک لە قەزاکانی (کەلار، چەمچەماڵ و ڕانیە)، جەختیشی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی هاووڵاتییان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو