لیژنەی باڵای هاوبەشی عیراق و میسر، بە سەرۆكایەتیی عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق و مستەفا مەدبولی سەرۆك وەزیرانی میسر، كارەكانی چوارەمین خولی خۆی لە پایتەختی نوێی كارگێڕیی قاهیرە كۆتایی پێهێنا و 11 یاداشتنامە و رێككەوتنی هاریكاری دوولایەنە لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان و زانست ئیمزا كران.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئامانج لەم هەنگاوە، بەهێزكردنی هاریكاریی دووقۆڵی و فراوانكردنی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵاتە لە كەرتە جیاوازەكاندا، تاوەكو خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات و ئاسۆی نوێ بۆ یەكگرتنی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلدا بكاتەوە. ناوەڕۆكی یاداشتنامە و رێككەوتننامە ئیمزا كراوەكان بریتین لە ئیمزاكردنی كۆنووسی خولی چوارەمی لیژنەكە، لەگەڵ بەرنامەی جێبەجێكردنی یاداشتنامەی نێوان وەزارەتی پلاندانانی عیراق و پەیمانگای پلاندانانی نەتەوەیی میسر.
هەروەها، رێككەوتننامەی دووركەوتنەوە لە دووجار باجدان و رێگریكردن لە خۆدزینەوە لە باجی سەر داهات و سەرمایە یەكێكی تربوو لە خاڵی ناورێككەوتنەكان.
هاوكات، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، لەگەڵ یاداشتنامەیەكی تایبەت بە پێوانەسازی و كوالێتی لەنێوان هەردوولا ئیمزا كرا. یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەبارەی چاودێریی ئەتۆمی و تیشكدەر و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی زانستی و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەكاندا ویاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ گەشەپێدانی سامانی ماسی و یاداشتنامەی هاوبەش لە بواری رادیۆ و تەلەفزیۆن، لەگەڵ دوو لێكتێگەیشتنی تایبەت بە هاریكاری لە بوارەكانی وەرزش و لاوان، ئەو یاداشتنامە و رێككەوتنانەی تر بوون كە ئیمزا كران.
رۆژی رابردوو، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بە سەردانێكی رەسمی چووە میسڕ، لە چوارچێوەی ئەم سەردانەشدا، بەغداد و قاهیرە لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان هەردوو وڵاتدا رێككەوتن.
سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانی سەردانەكەی بۆ قاهیرە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆكی میسر، لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عیراق و میسر رێككەوتین. وتیشی، لەگەڵ سەرۆكی میسرپرسی ئاسایشی ناوچەكەیان تاوتوێ كردووە و وڵاتی میسریشی بە دڵی نەتەوەی عەرەب ناوبرد.
لەلای خۆشیەوە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا تەئكیدی لە قوڵیی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و میسر كرد و وتی، بایەخی بەهێزكردنی هاوكاری لەگەڵ عیراق دووپات دەكەینەوە، هەروەها هەوڵەكانی زیانگەیاندن بە ئاسایشی كەشتیوانی لە كەنداو رەتدەكەینەوە. سیسی ئاشكراشیكرد كە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراقدا پرسی یەمەنیشیان تاوتوێ كردووە و گفتووگۆی جدییان لەوبارەیەوە كردووە.