وەفدێكی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا سەردانی بەغداد دەكات

کوردستان 10:58 AM - 2026/04/25

بڕیارە لەم هەفتەیەدا، وەفدێكی گومرگی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد بكات و لەگەڵ گومرگی عیراق كۆببنەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا، كە بەغداد دەیەوێت لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، بۆ جێبەجێكردنی سیستمەكە تا ئێستا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە و تەنیا هەماهەنگی بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی سیستمی ئەسیكۆدا رێككەوتنی لەسەر كراوە. 

هەركاتێكیش سیستمەكە جێبەجێكرا، سەرجەم باجە گومرگییەكان لە دەروازە سنوورییەكانی (حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان، ئیبراهیم خەلیل) هاوشێوەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق باجی گومرگی وەردەگیرێت و پێشوەختە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی گومرگی رادەگەیەندرێت.

حكومەتی عیراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە، سیستمی پێكەوەبەستنی زانیاریی پێشوەختی هاوردەی كاڵا و گومرگ، ناسراو بە ئەسیكۆدای لە دەروازە سنوورییەكان خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەئامانجی زیادكردنی داهات لە رێگەی باج و گومرگەوە، ئەم سیستمە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان بەكاردەهێنرێت بۆ بەرزكردنەوەی كارایی و ئاسایشی گومرگی و رێگریكردن لە سپیكردنەوەی پارە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو