داخستنی گەرووی هورمز و پەككەوتنی كارگە پترۆكیمیاییەكانی ناوچەكە، بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی پلاستیك لە بازاڕەكانی جیهان و هەرێمی كوردستان، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و نرخی كەلوپەلەكان دروستكردووە.
بەو پێیەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە 40%ـی هەناردەی كەرەستە سەرەتاییەكانی جیهان دابین دەكات، پەككەوتنی كەشتیوانی بووەتەهۆی كەمیی كەرەستەی خاوو بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی پلاستیك.
راپۆرتە ئابوورییەكان باس لەوە دەكەن، نرخی كەرەستە سەرەتاییەكانی پلاستیك لە هەندێك شوێن تا 80% زیادیكردووە. هۆكاری ئەمەش بۆ پچڕانی زنجیرەی دابینكردن و بەرزبوونەوەی تێچووی نەوت دەگەڕێتەوە.
بەهۆی ئەم فشارانەشەوە، نرخی یەك تۆن پلاستیك لە هەزار و 100 دۆلارەوە بۆ زیاتر لە هەزار و 800 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش بارگرانییەكی گەورەی دارایی بۆ كارگەكان و بەكارهێنەرانی ئەو ماددەیە دروستكردووە.
لە هەرێمی كوردستان و عیراق، نرخی پلاستیك بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، جگە لە گرانبوونی نرخ لە بازاڕەكانی جیهان، جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا لە دەروازەكانی عیراق هێندەی تر تێچووەكەی بۆ بازرگانان گران كردووە.
كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئاوی بوتڵ یەكێكن لەو سێكتەرانەی خێراترین كاریگەرییان بەركەوتووە، بەجۆرێك یەك كارتۆن ئاوی پەرداخ كە پێشتر لە ماركێتەكاندا بە 1500 بۆ 1750 دینار بووە، ئێستا نرخەكەی 500 دینار زیادیكردووە.