ئەمریكا هەوڵدەدات شێوازی نوێی لەسێدارەدان جێبەجێبكات

عیراق 01:07 PM - 2026/04/25

وەزارەتی دادی ئەمریكا، هەوڵدەدات بەكارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە دۆسیە فیدراڵیەكاندا فراوانتر بكات و شێوازی تری لەسێدارەدان، وەك تەقەكردن، لێدانی كارەبا و هەڵمژینی غاز زیاد بكات.

تۆد بلانچ، داواكاری گشتی ئەمریكا بە وەكالەت  رایگەیاند، ئیدارەی پێشوو شكستی هێنا بۆ پاراستنی گەلی ئەمریكا، بە رەتكردنەوەی سەپاندنی زۆرترین سزا بەسەر مەترسیدارترین تاوانباران، لەنێویاندا تیرۆریستان و بكوژانی منداڵ و ئەفسەرانی پۆلیس، هەر بۆیە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، وەزارەتی داد جارێكی تر یاساكە جێبەجێ دەكات و لەگەڵ قوربانییەكان دەوەستێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیەكەیدا، دەستی بە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی فیدراڵی كردەوە كە 17 ساڵ بوو ڕاگیرابوو. هەروەها لە شەش مانگی كۆتایی خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا، 13حوكمی لەسێدارەدان بە دەرزی كوشندە ئەنجامدرا، كە زۆرترین ژمارەی سزاكانی سەردەمی هەر سەرۆكێكی ئەمریكایە لە ماوەی 120 ساڵدا.

لە كۆی 50 ویلایەتی ئەمریكا سزای لەسێدارەدان لە 23 ولایەت هەڵوەشاوەتەوە و سێ ولایەتی تریش كە بریتین لە كالیفۆرنیا، ئۆریگۆن و پێنسیلڤانیا بەشێوەیەكی كاتی جێبەجێكردنی سزاكەیان ڕاگرتووە.

جۆ بایدن سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كە دژی جێبەجێكردنی سزاكە بوو، پێش ئەوەی لە مانگی یەكی ساڵی 2025 كۆشكی سپی بەجێبهێڵێت، سزای لەسێدارەدانی 37 كەسی لە كۆی 40 زیندانی گۆڕی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو