سێنتكۆم: رێگریمان لە كەشتییەكی ئێرانی كرد كە بە ئاڕاستەی بەندەرەكانی تاران دەچوو

عیراق 11:57 AM - 2026/04/25

واشنتۆن و تاران ململانێیەكی توندی دەریاییان لە ناوچەكە دەستپێكردووە و لە نوێترین پەرەسەندندا، هێزی دەریایی ئەمریكا رێگری لە كەشتییەك بەرەو ئێران كردووە و سوپای پاسدارانیش دەستی بەسەر كەشتییەكدا گرتووە.

بەپێی راگەیەندراوێكی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم)، كەشتی جەنگی (یو ئێس ئێس رافائیل پێراڵتا) رێگری لە كەشتییەك كردووە كە بە ئاڕاستەی یەكێك لە بەندەرەكانی ئێران رۆیشتووە‌و ئاڵای ئێرانی پێوە بووە.

هاوكات سوپای پاسداران رایگەیاندووە، دەستیان بەسەر كەشتیی ئیپامیدۆنسدا گرتووە، تاران كەشتییەكە  تۆمەتبار دەكات بەوەی هاوكاریی سوپای ئەمریكای كردووە و هۆشدارییەكانی پشتگوێ خستووە، هەروەها چەندین سەرپێچیی دەریایی لە ناوچەكەدا ئەنجامداوە. ئەم ئاڵۆزییانە دوای چەند سەعاتێك دێت لە بڕیارەكەی سێنتكۆم بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی 34 كەشتیی بازرگانی.

هاوكات فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم) ئاشكرایكرد، بڕیاریداوە سێ فڕۆكەهەڵگری گەورە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیربكات، ئەو هێزە دەریاییە زەبەلاحەش پێكدێت لەفڕۆكەهەڵگرەكانی (جۆرج ئێچ دەبلیو بوش، ئەبراهام لینكۆڵن‌و جیرالد فۆرد)، ئەو سێ فڕۆكەهەڵگرەش بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكتر كاردەكەن‌و پشت بەزیاتر لە 200 فڕۆكەی جەنگی پێشكەوتوو دەبەستن، لەگەڵ نزیكەی 15 هەزار سەربازو هێزی مارێنزی ئەمریكی لەناوچەكەدا.

ئەم جوڵە سەربازییە فراوانە لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە، ئەمریكا ئامادەیە بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بەئێران گەر ڕێكارە دیپلۆماسییەكان نەگەنە ئەنجام.

لەم سۆنگەیەوە، ئەمریكا لەپاڵ هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەردەوامە لەناردنی چەك‌و تەقەمەنی بۆ ناوچەكەو سەپاندنی گەمارۆی دەریایی كە بوەتە هۆی ناچاركردنی دەیان كەشتی ئێرانی بۆ گۆڕینی ئاڕاستەیان، كە ئەمەش نیشاندەری هەستیاری بارودۆخەكەیە لەنێوان بژاردەی جەنگ‌و گفتوگۆدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو