ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدی سەرۆكوەزیران یەكلادەكاتەوە

عیراق 01:21 PM - 2026/04/13

 سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی چەقبەستوویی سیاسی لە ماڵی عەمار حەكیم كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر 9 كاندید  دەكەن بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عیراق.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە  سەعات هەشت،سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی كۆدەبنەوە. ئامانجی سەرەكیی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن و گەیشتنە بە بڕیاری كۆتایی لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عیراق، تا پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ نەكەوێتە دوای وادە دەستوورییەكان.

فەهد جبووری، سەركردە لە ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی ئاشكرای كرد ،چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدی سەرۆكوەزیران بە كۆی دەنگ یا بە دەنگی 2 لەسەر 3 یەكلادەكاتەوە. 

تا ئێستا هیچ ناوێك بەرەسمی جێگیر نەكراوە و گفتوگۆكان لە دەوری 9 كاندید دەسوڕێنەوە كە لەناو چوارچێوەكەدا خۆیان پاڵاوتووە، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە تەوافوق لەسەر ناوێك بكرێت كە لە دەرەوەی ئەو 9 كەسە بێت.

نزار ئامێدی، سەرۆككۆماری نوێی عێراق، لە یەكەم رۆژی هەڵبژاردنییەوە وەك سەرۆككۆمار، ئەركێكی دەستووریی لەسەر شانە. بەپێی یاسا، دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت. ئەمەش لایەنە شیعەكانی خستووەتە ژێر فشاری كات بۆ ئەوەی بەزوویی لەسەر كەسایەتییەك رێبكەون.

پێشتر لە 24ـی كانوونی دووەم، چوارچێوەی هەماهەنگی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید كردبوو. بەڵام ڤیتۆكەی دۆناڵد ترەمپ لە دژی مالیكی و پاشگەزبوونەوەی ژمارەیەك لە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە پشتگیریكردنی، پڕۆسەكەی پەكخست.

ئەم گۆڕانكارییانە وایكرد پرسی كاندیدی سەرۆكوەزیران جارێكی تر بگەڕێتەوە خاڵی سەرەتا و ئێستا لایەنەكان بەدوای جێگرەوەیەكدا دەگەڕێن كە رەزامەندی ناوخۆیی و دەرەكی لەسەر بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو