سەرۆک کۆماری عیراق لەسەر مەزاری مامەوە وتی: ئەگەر لەسەر ئەو رێبازە بڕۆین کەسەرۆک مام جەلال بۆی داناوین بەرەو ئاقارێکی باش هەنگاو دەنێین، لەبارەی دۆخی عیراقیشەوە وتی: دەبێت هەوڵبدەین عیراق لەم جەنگەی کە هەیە و جەنگی ئێمە نییە بپارێزین.
نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانییەوە گەیشتە سلێمانی سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالی کرد و رایگەیاند: من هەموو ژیانم لەگەڵ سەرۆک مام جەلال بووە، مام جەلال سەرکردەیەکی گەورەی عیراق بوو، بەمامۆستا و سەرکردەی خۆمی دەزانم و ئەو رێبازەی کە مام جەلال لە عیراقدا دایڕشتبوو، رێبازێکی لەبیرنەکراوەو لە کوردستان و عیراق و لە جیهانیش دەنگی داوەتەوە.
وتیشی: مام جەلال رێگایەکی بۆ ئێمە داناوە کەئەگەر لەسەری بڕۆین بەرەو ئاقارێکی باش هەنگاو دەنێین، ئەو سەرکردەیە رۆحی زیندوەو لەگەڵ ئێمەدایە هەمیشە.
لەلایەکی تریشەوە رایگەیاند:عیراق لەگەڵ ئەوەی بەدۆخێکی نالەباردا تێدەپەڕێت، بەڵام توانیویەتی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆک کۆماریش هەڵبژێرێت کە دوو هەنگاوی گرنگە و دەشبێت لە چەند رۆژی داهاتوو کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کە چوارچێوەی هەماهەنگییە هەڵبژێردرێت و سەرۆک کۆمار رایسپێرت بۆ پێکهێنانی حکومەت هەتا ئەم حکومەتە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و دەبێت هەوڵبدەین عیراق لەم جەنگەی کە هەیە و جەنگی ئێمە نییە بپارێزین.