ئاژانسی بلومبێرگ هۆشداری دەدات لەبارەی بڕیاری گەمارۆدانی دەریایی ئێران و دەڵێت، جیهان بەرەو شەڕێكی فراوانتر دەبات و كاریگەریی وێرانكەری لەسەر ئابووری جیهان دەبێت.
دوای ئەوەی دانوستانەكانی نێوان واشنتن و تاران لە وڵاتی پاكستان بێ ئەنجام كۆتایی هات، كە بە شكستێكی دیپلۆماسی دادەنرێت و ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتەی خستووەتە مەترسییەوە، چونكە ئەمریكا بڕیاری گەمارۆی دەریایی ئێرانی داوە، لەو بارەیەوە ئاژانسی بلومبێرگ راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، بڕیاری ئەمریكا بۆ گەمارۆدانی دەریایی ئێران راستەوخۆ بازاڕەكانی وزەی شڵەژاندووە، نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی سەدا 9 بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 104 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، هەروەها نرخی غازی سروشتی لە ئەوروپا بەڕێژەی لە سەدا 18 زیادی كردووە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەكەن كە هەر پەككەوتنێك لە گەرووی هورمز، كە 1لەسەر 5ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، دەبێتە هۆی هەڵاوسانی بێوێنە و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان.
ئەم راپۆرتەش دوای راگەیەندراوەكەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم)ە، كە ئاشكرایكردووە گەمارۆكە هەموو ئەو كەشتیانە دەگرێتەوە كە ڕوو لە ئێران دەكەن یان لێیەوە دەردەچن، بەئامانجی خنكاندنی هەناردەی نەوتی ئێران و بڕینی سەرچاوە داراییەكانی ئەو وڵاتە، ئەمەش وەك وەڵامێكی راستەوخۆ بۆ شكستی پڕۆسەی دیپلۆماسی لە ناوچەكەدا دێت.
موحسین ڕەزایی، ڕاوێژكاری سەربازی ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ڕێگە بە جێبەجێكردنی ئەو گەمارۆیە نادات و توانای گەورەی بۆ بەرپەرچدانەوە هەیە. هاوكات سوپای پاسداران هۆشداری داوە كە هەر نزیكبوونەوەیەكی سەربازی لە گەرووی هورمز وەك پێشێلكردنی ئاگربەست و ڕاگەیاندنی شەڕی ڕاستەوخۆ هەژمار دەكرێت و وەڵامی توندیان بۆ هەر جووڵەیەكی ئەمریكا دەبێت.