قوباد تاڵەبانی: نزار ئامێدی كەسایەتییەكی شیاو و نیشتمانپەروەرێكی راستەقینەیە

کوردستان 10:44 AM - 2026/04/13

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری نوێی عیراق دەكات و دەڵێت، نزار ئامێدی كەسایەتییەكی شیاو، شارەزا و نیشتمانپەروەرێكی راستەقینەیە، هەبوونی پەیوەندیی بەهێزیشی لەگەڵ تەواوی لایەنەكان، دڵنیامان دەكاتەوە لە سەركەوتنی بەڕێزیان لەم بەرپرسیارێتییە نوێیەدا.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی، بەبۆنەی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەك سەرۆك كۆماری نوێی عیراق، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان دەكەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم لەم ئەركە نیشتمانییەدا.

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری نوێ كەسایەتییەكی شیاو، شارەزا و نیشتمانپەروەرێكی راستەقینەیە. ئامادەیی و كاركردنی بەردەوامی بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ لە بەغدا، ئەزموونی دەوڵەمەندی لەگەڵ جەنابی سەرۆك مام جەلال و سەرۆك كۆمارەكانی دواتر، هەروەها هەبوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ تەواوی لایەنە عیراقییەكاندا، دڵنیامان دەكاتەوە لە سەركەوتنی بەڕێزیان لەم بەرپرسیارێتییە نوێیەدا.

راشیدەگەیەنێت، متمانەی تەواومان هەیە كە جەنابی سەرۆك كۆمار بە حیكمەت و داناییەوە كار دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق، بەتایبەت دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی هەموو ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین كە دەنگی متمانەیان بە جەنابی سەرۆك كۆمار بەخشی، هەروەها سوپاس بۆ تەواوی ئەو لایەنە دۆست و هاوپەیمانانەی كە هاوكار و پشتیوان بوون لە سەركەوتنی كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، سوپاسێكی تایبەتیش بۆ جەنابی دكتۆر لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری پێشوو كە گەورەیی نواند و كاندیدبوونی خۆی كشاندەوە، ئەمەش شانازییەكی گەورەیە بۆ بەڕێزیان كە لە كلتووری سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگمەنە سەرۆكێك دەستبەرداری كورسییەكەی بێت.

قوباد تاڵەبانی لە كۆتاییدا دەڵێت، پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە لە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم. هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو گەلی عێراق و گەلی كوردستان دەكەم و بە تایبەتیش پیرۆزبایی لە خەڵكی دڵسۆز و بە ئەمەكی پارێزگای دهۆكی ئازیز دەكەم كە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا كەسایەتییەكی ئەو دەڤەرە دەبێتە سەرۆك كۆماری عێراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو