ترەمپ: خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكە كاریگەری لەسەر دانوستانەكان نابێت

عیراق 04:04 PM - 2026/04/04

دوای كەوتنە خوارەوەی فرۆكەیەكی ئەمریكی لە ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئەو رووداوە كاریگەری لەسەر دانوستانەكانیان نابێت .
كەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریكی لە زاری  دۆناڵد ترەمپەوە بڵاویكردەوە، خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكەی ئەمریكا كاریگەری نابێت لەسەر دانوستانەكان لەگەڵ ئێران، سەبارەت بە كۆتاییهێنان بەو جەنگەی زیاتر لە مانگێكە بەردەوامە. 

هوكات رۆژنامەی ئیندیپێندێنت بڵاویكردەوە، ترەمپ لە دیمانەیەكی كورتدا ئاماژەی بەوە كردووە، هێشتا ئامادە نییە بڕیار بدات ئەمریكا چی دەكات ئەگەر بێت و ئازاری ئەو فڕۆكەوانە بدرێت كە بێسەروشوێنە.

وتیشی، ناتوانێت قسە لەسەر ئەو هەنگاوانە بكات كە دەیگرێتەبەر، ئەگەر هێزەكانی ئێران دەستیان بە فڕۆكەوانەكە بگات. 

رۆژی هەینی، ئێران فڕۆكەیەكی جەنگیی ئەمریكی لەجۆری ئێف15 لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەكەی خستەخوارەوە. هێزەكانی ئەمریكا ئۆپراسیۆنێكیان بۆ رزگاركردنی تیمی فڕۆكەكە ئەنجامدا و توانییان یەكێكیان رزگار بكەن، بەڵام چارەنووسی ئەوی تریان هێشتا نادیارە.

میدیای رەسمی ئێرانیش بڵاویكردەوە، گەڕان بەدوای فڕۆكەوانەكەدا بەردەوامە و حكومەتی ئێرانیش پاداشتێكی دارایی گەورەی بۆ هەر كەسێك داناوە، فڕۆكەوانەكە بدۆزێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، شەوی هەینی سوپای ئێران رایگەیاند، فڕۆكەیەكی تریان لەجۆری ئەی10‌و هێلیكۆپتەرێكیان لەجۆری بلاك هاوك لە ئاوەكانی گەرووی هوورمز خستووەتەخوارەوە.

بەوپێیەش لەسەرەتای جەنگی ئێرانەوە تائێستا 7 فڕۆكەی ئەمریكا لە ئاسمانی ئێران‌و كوەیت‌و عیراق تێكشكێندراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو