جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لەوەی بووەتە هۆی ناسەقامگیری و نائارامی ناوچەكە، بوتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا خۆراكییەكان لە جیهاندا، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی تێچووی وزە و پەینی كشتوكاڵی.
رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی نەتەوە یەكگرتووەكان ناسراو بە (فاو) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، پێوەری نرخی خۆراك لە مانگی ئاداردا بە رێژەی 2.4٪ بەراورد بە مانگی شوبات بەرزبووەتەوە. ئەمە دووەم بەرزبوونەوەی لەسەریەكە و ئاژانسەكە هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی وزە و پەینی كیمیایی دەگەڕێنێتەوە كە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروست بووە.
بەپێی داتایەكی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێش جەنگ رۆژانە 30٪ی پەینی بەرهەمهێنراوی جیهان بە گەرووی هورمزدا هەناردەدەكرا، بەڵام بەهۆی داخستنی گەرووەكە نرخی پەین نزیكەی 30٪ بەرزبووەتەوە.
رۆنی رووەكی زۆرترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە كە گەیشتووەتە 5.1٪. نرخی رۆنی خورما گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ناوەڕاستی ساڵی 2022ەوە، ئەوەش بەهۆی كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو، رۆنی خورما تەنیا بۆ خواردن بەكارنایەت، بەشێكی بەرزبوونەوەكەی بەهۆی ئەوەوەیە كە لە دروستكردنی گازوایلی زیندەییدا بەكاردەهێندرێت و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و خواست لەسەر گازوایلی سووتەمەنی بە بەردبوو خواست لەسەری زیادیكردووە.
ماكسیمۆ تۆرێرۆ، گەورە ئابووریناسی فاو رایگەیاندووە، تائێستا بەهۆی هەبوونی بڕی پێویستی دانەوێڵە لە كۆگاكانی جیهاندا، كاریگەرییەكان سنووردار بوون.
بەڵام هۆشداری دا، ئەگەر جەنگەكە زیاتر لە 40 رۆژ بخایەنێت و نرخی پەینی كشتوكاڵی بە بەرزی بمێنێتەوە، جووتیاران ناچار دەبن یان كەمتر بچێنن یان جۆری بەرهەمەكانیان بگۆڕن، ئەمەش كاریگەریی لەسەر دابینكردنی خۆراك بۆ ئەمساڵ و هەموو ساڵی داهاتووش دەبێت.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریكا و ئیسرائیل هێرشیانكردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەك و درۆن وەڵامیدانەوە. وەك بەشێك لە وەڵامەكەشی لە رۆژی دووەمی جەنگەوە، ئێران گەرووی هورمزی داخستووە كە پێش جەنگ رۆژانە 20٪ی كۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی پێدا هەناردەدەكرا.