ئەمڕۆ یادێكی تری خەمناكی گەلەكەمان دەكەینەوە كە كۆی تاوانێكی مێژووییە و بە قۆناغی جیاجیا بەرامبەر بە بەشێكی رەسەنی گەلەكەمان (خوشك و برایانی فەیلی) ئەنجام دراوە و رۆژی ٤-٤-١٩٨٠ یش لە بەسەرهاتی گەورەی تەسفیركردن و بێبەشكردن لە ناسنامە و دەركردن بۆ ئەو دیو سنوور، گەیشتە ترۆپكی جینۆساید.
كوردانی فەیلی كە لەگشت قۆناغەكانی شۆرش و خەباتی نەتەوەیی كورد و لە هەموو پرسە دیموكراتییەكانی عیراقدا رۆڵێكی گەورە و كارایان بینیووە و نمونەی دڵسۆزیی و جوامێریی بوون، بەم تاوانە لەسەر زەمینی وڵاتی خۆیان هەڵكەنران و لە هەموو مافەكانی هاووڵاتی بوون و پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەروەت و سامانی حەڵاڵی خۆیان بێبەش كران.
ئەم پێكهاتە رەسەنەی گەلەكەمان كە دەیان سەركردە و سەدان تێكۆشەریان پێشكەشی كاروانی كوردایەتی و دیموكراتی كردووە، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا هەم لەبەر كوردبونیان و هەم لەبەر ئینتمای مەزهەبی شیعەیان، نەك هەر مافیان زەوتكرا و تەسفیركران، بەڵكو بەشێكی بەرچاویان كۆمەڵكوژكران.
ئەگەرچی لە دوای روخانی رژێمی بەعس، دادگای باڵای تاوانەكان كەیسی فەیلییەكانی بە جینۆساید ناساند، بەڵام هێشتا بۆ سرینەوی یەكجارەكی ئاسەواری ئەم تاوانە، زۆر هەنگاوی كرداری ماوە كە پێویستە حكومەتی عیراق بۆ پێدانەوەی ناسنامە و قەرەبووكردنەوەی شایانی ماددی و مەعنەوی فەیلییەكان بیگرێتە بەر.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هەمیشە پێداگرە لەسەر وەدیهێنانی ئەو مافانە و خەباتی سیاسیی بێ وچانی بۆ دەكات تا دادپەروەری راگوزەر و مافە دەستوورییەكانی هاووڵاتی و هاونیشتمانیی لە عیراقی فیدراڵدا خوشك و برایانی فەیلیش بگرێتەوە و ئەو زوڵمە مێژووییە زۆر خایەنەیان لەسەر هەڵبگیرێت.
سڵاو لە رۆحی پاكی قوربانیانی جینۆسایدی فەیلی و گیانی شەهیدانی فەیلی لە ریزەكانی بزووتنەوەی كوردایەتی و رەوتی دیموكراسی وڵات ئاسودە و ئارام بێت.
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٤-٤-٢٠٢٦